فەرماندەیی یەبەشە ڕایگەیاند ئەوان هێرشبەرنین و هێزە عێراقییەکان هێرشبەرن و ئەوان لە پێگەی بەرگری رەوادان، هاوکات زیانە گیانییەکانی خۆیان لە سێ رۆژی شەڕدا ئاشکرا دەکات.
فەرماندەی یەبەشە ئەمڕۆ سێ شەممە لە راگەیاندنێکدا بڵاویکردەوە کە ئەوان لە پێگەی هێرشدانین و بەرگری دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شەنگال گفتوگۆ و دیموکراسیی دەکەنە بنەما.
لەو راگەیاندنەدا فەرماندەی یەبەشە کە فەرماندەی شەڕ دەکەن لەگەڵ سوپای عێراق ئاماژە بەوەش دەدات، هەوڵەکانی کازمی و حکومەتەکەی ڕێگە دەکاتەوە لە بەردەم داگیرکردنی خاکی عێراق، دەشڵێت" پێویستە گەلەکەمان درک بە مەترسییەکان بکەن و خاوەن هەڵوێست بن، ئێمەش خۆپاراستن دەکەینە بنەما بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک".
ئەمڕۆ سێ رۆژە فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە رووبەڕووی هێرشەکانی سوپای عێراق بوونەتەوەو دەڵێن" ئێمە خۆپاراستن دەکەینە بنەما بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک، هەرچییەک پێویست بێت دەیکەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان".
یەبەشە دەوڵەتی تورک و پارتی بە پشتگیروکار و هاندەری حکومەتی کازمی ناوزەد دەکەن و دەڵێن" هێرشەکانی حکومەتی کازمی بە فەرمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هاندانی پەدەکە ئەنجامدەدرێت و حکومەتی کازمی ڕاستەوخۆ ئەم فەرمانانەی لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەرگرتووە".
یەبەشە ئەم شەڕەی ئێستا بە کێشەیەکی سیاسی ناوزەد دەکات نەک سەربازی و دەڵێن" ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە کێشەی شەنگال سەربازیی نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە".
یەبەشە ئاشکرای دەکات لە رۆژانی رابردووی شەڕدا" هاورێیەکمان شەهیدبووە و سێ کەسیش برینداربوون، کە یەکێکیان مەدەنیی بووە".