بافڵ تاڵەبانی: هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە

لە کاتێکدا هەموو لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا دەکەوێت، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە ئەوان هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.

 لە بارەی کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتن لەگەڵ هەریەک لە ئامۆس هۆچستاین، رێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە، راگەیاندنێک لە نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە.

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " هەمووان هەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گەشەکردنی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان دەزانن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیتریش هاوهەڵوێستن و دەیانەوێت گۆڕانکاری لەپڕۆسەی حوکمڕانی بێتەئاراوە. هەموو هەوڵێکیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵک بۆ گۆڕانکاری بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی ژێرخانی گازی هەرێمەوە تاڵەبانی وتوویەتی " پێویستە بە ستراتیژێکی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو کەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، داهاتەکەی لەخزمەت خەڵک و ئاوەدانیی هەرێمەکەماندا بێت. ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە ئێمە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هەنگاوبنێین".

هەروەها هاتووشە " لەگەڵ هاوبەشەکانیشمان لە بەغدا لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان رێککەوتووین و کۆکین لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هەموو گەلانی عیراق".

سەبارەت بە پرسی پێشمەرگەش، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاندووە" هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوە و بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەئومێدەوە لێی دەڕوانین. پشتیوانی و هاوکارییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا جێگەی پێزانینی ئێمەیە و پرۆسەکەی خێراتر کردووە. جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکانیش دەکەینەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە، چونکە مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە و دەبێت هەمووان پێکەوە رووبەڕووی بوەستینەوە".



PM:09:34:11/05/2024