ئێران.. بەهۆی لافاوەوە ٧ کەس گیانیان لەدەستدا

لافاو شاری مەشهەدی لە ئێران گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.

لافاو شاری مەشهەد ناوەندی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٧ کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بێسەروشوێن بوون، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی زۆری ماددیشی لێکەوتەوە.

حەمید ڕەزا کافیانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن لە مەشهەد ڕایگەیاند، ڕەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ژمارەی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبووەکان بەرزبێتەوە، تیمەکان جێگیرکراون بە بەلەمی فریاگوزاری بەدوای ئۆتۆمبێلی گیرخواردوودا دەگەڕێن.

لە بەرامبەردا موحسین دەواری، قایمقامی شاری مەشهەد، نیشتەجێکردنی دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری و گواستنەوەیان بۆ ناوچە ئارامەکانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ماڵەکانیان بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشت، ئەمەش ڕووخانی ژمارەیەک ماڵی گوندنشینی پشتڕاستکردەوە.


AM:09:25:16/05/2024