كۆمپانیای ئەسترازینیكا: ڤاكسینی كۆرۆنا لە هەندێ حاڵەتدا كاریگەری لاوەكی خراپ لەسەر مرۆڤ بەجێدەهڵێت

كۆمپانیای ئەسترازینیكا بۆ یەكەمجار دانی بەوە دانا كە " ڤاكسینی كۆرۆنا لە هەندێ حاڵەتدا كاریگەری لاوەكی خراپ لەسەر مرۆڤ بەجێدەهڵێت و رەنگە ببێتە هۆی مردن".

رۆژنامەی (گاردیان) و چەند میدیای تری بەریتانی بڵاویان كردەوە" لەماوەی رابردوودا دەیان ماڵبات سكاڵایان لەسەر كۆمپانیای ئەسترازینیكا تۆمار كردووە بەهۆی ئەوەی ئەندامانی خێزانەكانیان تووشی كاریگەری لاوەكی خراپی ڤاكسینی كۆڕۆنا بوونەتەوە و تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا بووەتە هۆكاری لەدەستدانی خۆشەویستانیان".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ماڵباتەكان بەشێوەیەكی گشتی داوای قەرەبووی ٢٠ ملیۆن پاوەنیان لە كۆمپانیای ئەسترازینیكا كردووە.

لەمبارەیەوە كۆمپانیاكەی دەرمان كە بارەگاكەی لە شاری كامبرێجی بەریتانییە، لە دادگا دانی بەوە دانا كە " لە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا ڤاكسینەكەیان دژی كۆڕۆنا كاریگەری خراپ دروست دەكات".

ئەمە یەكەمجارە كۆمپانیای ئەسترازینیكا یاخود هەر كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنەری ڤاكسینی كۆڕۆنا دان بەوە دادەنێت كە دەرمانەكەیان كاریگەری لاوەكی خراپ لەسەر مرۆڤ بەجێ دەهێڵێت.

ئەم دانپێدانانەی كۆمپانیای ئەسترازینیكا دەبێتە هۆی ئەوەی قەرەبووێكی زۆری هاووڵاتییان لەسەری بكەوێت و زیانێكی ماددی زۆریش بكات.



PM:08:33:30/04/2024