کۆمسیۆن ئەو کارانەی پارەی زۆری تێدەچن بۆ هەڵبژاردن، هەڵپەسارد

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەو کارانەی خەرجی زۆریان تێدەچێت هەڵپەساردوە، بەڵام لە کارەکانی تریان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیایەکی نزیک یەکێتی، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە" کۆمیسیۆن لە کارەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، تەنیا ئەو کارانەی خەرجی زۆریان تێدەچێت بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراون".

ئەوە لە کاتێکدا کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا کار لەسەر ئەوە دەکات هێزە عێراقییەکان رازی بکات لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، ئێستاش گەڕاوەتەوە هەرێم سەرقاڵی کارکردنە بە ئاراستەی رازیکردنی هێزەکانی کوردستان.

هەر دوێنێ هەر چوار فراکسیۆنە کوردیەکەی پەرلەمانی عێراق جگە لە پارتی دواخستنی هەڵبژاردیان رەتکردەوە.

ئەم ئێوارەیەش مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە بۆ دوا بڕیاری خۆی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن.   



PM:03:26:01/05/2024