سالم عیساوی ڕەتیدەکاتەوە لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکشێتەوە

سالم عیساوی، یەکێک لە کاندیدانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند" کە هێشتا سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی لەبارەی کاندیدبوونییەوە".

سالم عیساوی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاندووە" وێڕای ئەو فشارانەی لەسەرمە سوورم لەسەر ئەو پەیمانەی بە گەلی خۆمم داوە و لەسەر کاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".

ئەم وتانەی سالم عیساوی لە کاتێکدایە، کشانەوەی شەعلان کرەیم وەک تاکە کاندیدی پارتی تەقەدوم بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ململانێی سوننەکانی لەسەر پۆستەکە توند تر کرد، بەشێک لە سوننەکان هاوشێوەی ڕەوتی سەدر، هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و پەرلەمان دەکەن، چوارچێوەی هەماهەنگیش دەیەوێت پرسەکە بە زووترین کات یەکلایی بکاتەوە.

پەرلەمانی عێراق لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە بێ سەرۆکە، دوای ئەوەی محەمەد حەلبوسی، لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە.


AM:10:08:02/05/2024