لێبوردنی نێودەوڵەتی رەخنەی توند دەگرێت لە رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێمدا


رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە رێکخراوێکی جیهانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکانە، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات دەستبەجێ کۆتایی بە دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەریی و ئازادی رادەربڕین بهێنن.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە ناسراوە بە ( ئەمنستی ئینتەرناسیوناڵ ) ئەمڕۆ ٢ ی ئایار راپۆرتێکی لە بارەی ئازادی رۆژنامەگەریەوە بڵاوکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تا ئێستا بەرپرسانی هەرێم بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین و دەستگیرکردن و دادگایکردنی رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و بە تەنها لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ١٠ رۆژنامەنووس بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکراون.

" سەرەڕای چەندین هۆشداری بەڵام بەرپرسانی هەرێم هێشتا بەردەوامن لە رێگەگرتن لە رۆژنامەنووسان و ئەشکەنجەدانیان کە ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسانە".(رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمە دەڵێت).

ئەوەش خراوەتە ڕوو " لە هەرێمی کوردستان ئازادی رۆژنامەگەری بەجۆرێک بەرتەسک کراوەتەوە کە هیچ رۆژنامەنووسێک ئازادی تەواوی نییە لە بەرامبەر ئەنجامدانی کارەکانی کە ئەوەش خواستی رێکخراوەکانی جیهان نییە و داواش دەکەن کە دەسەڵاتدارانی هەرێم رێز لە ئازادی رۆژنامەنووسان بگرن".

هاتووشە " ساڵانە چەندین رۆژنامەنووس بە تۆمەتی جیاواز و بێ بنەما دەستگیر دەکرێن و پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت".

باس لەوەش کراوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم شانازی بەوە دەکەن کە ئازادیی رۆژنامەگەریی لە هەرێم هەیە، بەڵام ئەوە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانەیە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و هەراسانکردن و تۆقاندن و دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ئەوانەی کە ڕاپۆرتیان لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی نوسیوە یان ڕەخنەیان لە مامەڵەکردنی دەسەڵاتداران لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان گرتووە.



PM:08:02:02/05/2024