سەردانە ناوەختەکەی سەرۆکی هەرێم

سەردار عەبدوڵا
دەتوانین بڵیین کە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران یەکێکە لە سەردانە خراپەکانی، و لەڕاستیدا هەر نەدەبوو لەو کاتەدا بکرێت.

ئەگەرچی میدیای نزیک لە کاک نێچیرڤان و هەندێک لە مەعمیلە دائیمەکانی کۆنفرانس و دیبەیتەکان وایان پیشان داین کە سەردانێکی ناوازە بوو! نەک هەر ئەوە، بەڵکو شاگەشکەبوونیان  تا ئەو ئاستە بوو کە هەندێکیان سەرلەبەری دۆخەکە و مێژوویش بۆ پێش سەردانەکە و پاش سەردانەکە دابەش بکەن .  لەکاتێکدا وەک سەرەتا وتمان، ئەم سەردانە سەرکەوتوو نەبوو! لانیکەم لەبەرئەوەی کات و تەوقیتەکەی یەکجار خراپ بوو. ئەرگیومێنت و نموونەم زۆرە کە سەرنەکەوتنی سەردانەکە دەسەلمێنن، لێرەدا تەنها هەندێکیان دەخەمە ڕوو.

سەرەتا باسی تەوقیتی سەردانەکە  دەکەم کە نەک هەر کاتی سەردان نەبوو بەڵکو  زۆریش خراپ بوو! چونکە لەم دواییانەدا سەرۆکی هەرێم جووڵەیەکی مەکووکی و چالاکی هەبوو، بۆ بەغدا و ئینجا بۆ تاران. وەک میدیاکان باسیان دەکرد یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی ئەو سەردانانەی بەغدا بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بوو بۆ دەرچوون لە قەیرانی ناکۆکی کوشندەی لایەنەکان کە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژادنی کوردستان. ئەوەشمان بیست کە سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکاندا، بۆ ڕێککەوتن لەسەر چارەسەڕێک بۆ ئەو قەیرانە کۆ دەبێتەوە، کە ئەو دەمە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن بوو بە مەرسوومێکی تازەی سەرۆکایەتی هەرێم.

لەو ماوەیەدا ستافەکەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان هەوڵیان دابوو، کەچی لایەنەکان نەک هەر ئامادە نەبوون لەگەڵی کۆ ببنەوە، بەڵکو وەڵامی توندیشیان بە نێردراوەکانی دابوو. لەم دۆخی دەستەپاچەیی و تەریکبوون لە پشتگیریی لایەنەکاندا، سەرۆکی هەرێم بەوپەڕی لاوازییەوە دەعوەتی ئێرانی قبووڵ کرد و بەم لاوازییەش چوە تاران کە هەندێک ئاماژەی زۆر ناخۆش بەئاشکرا لە لێدوان وێنەکاندا بینران، هەر بۆ نموونە:

لێدوانی بەشێکی زۆری میدیا و بەرپرسەکانی ئێران لووتبەرزانە بوون، زۆریش جێی داخ بوو کە جەختیان لەهەندێک لە قسەکانی سەرۆکی هەرێم کردبوەوە کە زۆر لاواز منەتبارییان پیشان دا. جگە لەوەش ئەوان جەختیان لە مەسەلە ئەمنییەکە کردەوە و نەبرەی دەربڕینەکەشیان جۆرێک لەلووتبەرزیی و بێمنەتی تەنانەت شەڕانگێزیشی لەخۆ گرتبوو.

لەملایشەوە میدیاکەی کاک نێچیرڤان و مەعمیلە دائیمەکانی دەرەوەی دەزگا ڕەسمییەکان، زۆر بە بایەخەوە باسیان لە کاریگەریی سەردانەکە لەسەر لایەنی بازرگانیی کرد، کە ئەمەشیان وا نیە، چونکە بازرگانی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان هەر هەبوە و سەردانەکەش ئیزافەیەکی ئەوتۆی بۆ نەکردوە.

سەبارەت بە قەیرانی هەڵبژاردنیش سەرۆکی هەرێم و ئەندامانی ستافەکەشی ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە بەهیچ جۆرێک لە ئێران باس نەکراوە. واتا  خودی سەردانەکە  دوور و نزیک هیچ کارێکی بۆ ئەو مەسەلەیە نەکردووە، نە بەکردنی هەڵبژاردن لە دەی حوزەیران و نە بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئیتفاق لەسەرکراو بۆ دواخستنی.

لە ئاماژە هەرە ناخۆشەکانی سەرنەکەوتنی سەردانەکە، ئەوە بوو کە پەیامنێری ڕووداو لە وڵاتی چین سەبارەت بە بایەخ و گرنگیی سەردانەکە، لە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی پرسی، کەچی وەڵامی وتەبێژەکە زۆر پێچەوانەی پرسیار و ویستی پەیامنێر و کەناڵەکەش بوو، وا لێرەدا لە سایتی ڕووداو خۆیەوە وەڵامەکە  وەکو خۆی دادەنێمەوە:

"عێراق و ئێران دوو وڵاتی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن. چین پێشوازی لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات لەوانەش عێراق و ئێران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە، بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە بە هاوبەشی.".

بەداخەوە ئەمە وەڵامی کەسێک نیە، کە تەنانەت لە کوولەکەی تەڕیشدا ناوی هەرێمی کوردستان وسەرۆکەکەی بیستبێت، لەکاتێکدا کوردستان هێندە بە بایەخە بۆ وڵاتی چین کە چەندین ساڵە قونسوڵخانەی لە هەولێری پایتەخت کردۆتەوە. لە ڕاستیدا ئەم گوتەیە یان ئەم زمان و ڕیتۆریکە نەک لە خزمەتی سەردانەکە و سەرۆکی هەرێمدا نیە بگرە لە بایەخی کوردستانیشی کەم کردەوە، نازانم ئەوە چ عەقڵێکی میدیاییە کە شتی وا لە هەموو سەرەسەعاتێک بڵاو دەکاتەوە، بە بێ ئەوەی درک بە ناوەڕۆک و ئاماژەکانی پشت ئەو لێدوانە بکات؟
هەندێک لە مەعمیلە دائیمەکانی میدیا و کۆنفرانس دیبەیتەکانتان، باسیان لەوە دەکرد کە ئەم سەردانە هەرێمی کوردستان دەکاتە پرد لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. لەڕاستیشدا ئەم قسەیە خەڵکانێک دەیکەن کە یان هیچ نازانن، یان ڕادەبوێرن و نوکتە دەکەن، یان کاسبییەکەیان لەوەدایە هەمیشە بەدڵی بەرپرسان قسە بکەن. من لەو کەسانەم کە بایەخی ستراتیژی کوردستان بەباشیی دەزانم و جەختی لێدەکەمەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بەو موبالەغە و چەواشەکردنە نیە کە درۆی لەوجۆرە زەقی بۆ بکرێ. ئێران و ئەمریکا کەناڵی زۆر گرنگ و متمانەپێکراوی خۆیان هەیە، کە یەکێکیان سوڵتاننشینی عومانە، ئینجا نازانم ئەو مەعمیلە بەڕێزانە دەزانن ئەمە بۆ وایە یان نا؟

 لە هەر هەموو ئەوانەیش ناخۆشتر، ئەوە بوو کە ویسترا وامان نیشان بدەن کە ڕابەری ئێران لە ژوورێکی زۆر جیاواز پێشوازی لە سەرۆکی هەرێم کردوە، کە نیشانەی زیاتر  بایەخپێدانە بە سەرۆکی هەرێم ، زۆر بەداخەوە کە ئەمەیش پێچەوانەکەی ڕاستە، چونکە خامنەئی لە ژوورێکدا پێشوازیی لە میوانە گەورە و گرنگەکانی دەکات، کە وێنەیەکی خومەینی لەسەر دیوارەکەیە و هەر بەتەنها ئاڵای ئێران دادەنێت و ئاڵای هیچ وڵاتێکی زلهێزی دنیا دانانێت. هەر بۆ نموونە لەو شوێنەدا پێشوازیی لە ڕابەرانی کورد و سەرۆکەکانی جیهان کردوە وەکو ڕەحمەتی مام جەلال و کاک مەسعود و دکتۆر فوئاد مەعسوم و دکتۆر بەرهەم ساڵح و دکتۆر لەتیف ڕەشید و ئەردۆغان و ڤلادیمێر پووتن.

هەڵبەت من لە ناخی دڵەوە خوازیار بووم کە ئەو هاتوهەرایەی باسیان دەکرد  ڕاست بێت نەک چەواشەکاری. من وەک کوردێک و (سیاسییەک) ئاواتەخواز بووم کە  سەنگی سەرۆکی هەرێمەکەم لەو ڕابەر و سەرۆکی وڵاتە زلهێزانە زیاتر بوایە، بەڵام هەر خودی وێنەی ژووری پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێم پێچەوانەکەمان پێ دەڵێت. ژوورێکی زۆر سادە وەک میوانی ڕەسمیش لای ڕاستی خامنەئییەوە دانەنرابوو، ئاڵای ئێرانیشی لێ نەبوو. زیاتر لە دیوەخان دەچوو تا ئۆفیسێکی ڕەسمی کە شایستە بە پێشوازیکردنی سەرۆکێک بێت.
دەزانم ئێران وڵاتێکی چەند گرنگ و کاریگەریی ناوچەکەیە. هەمیشەش چ لە میدیا و چ ڕووبەڕوو لە دانیشتنی تایبەتیشدا لەگەڵ زوربەی سەرکردەکانی کوردستاندا جەختم لە ڕاگرتنی پەیوەندی باش لەگەڵ ئەو وڵاتەدا کردۆتەوە، بەڵام ئەم ڕاگرتنەی باسم کردوە زۆر جیاوازە لەوەی بەلاوازیی بچینە بەردەمیان و هەوڵ بدەین بەقسەی خۆش ڕازییان بکەین و ئەوان لووتبەرزانە مامەڵە بکەن. دەگەڕێمەوە دەڵێم ئێران لەسەردەمی شا و ئیسلامیشیدا هەم هاوکاری کوردی کردوە و هەمیش دوژمنایەتی کردوە و پیلانی لەدژ گێڕاوە، ئەمەش بەردەوام دەبێت. بۆیە تا بکرێ گرنگە پەیوەندی باش و هاوسەنگمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵیدا هەبێت.

ئەمە هەمووی دەرەنجامی لاوازبوونی هەرێم کە لێکەوتەی پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکانیەتی، بەڵام سیاسەتمەداری ورد و بە دیقەت لە تەوقیتی وادا سەردان ناکات. کێشەکە لەوەدایە کاک نێچیرڤان بەم دۆخەیەوە چوە بەردەم ئێرانییەکان:
سەرۆکێک کە دۆخی هەرێمەکە لە دەستیدا گیری خواردوە، حیزبەکان ئامادە نین لەگەڵی کۆ ببنەوە، واتا نەک هەر ئیجماعی ناوخۆیی لەسەر نیە، بگرە لاوازترین ئاستی مەقبوولیەتیشی هەیە. لەبەرئەوە سەیر نییە لە تەوقیتێکی  وادا دەرەوە هەر بەو جۆرەی ئێران مامەڵە بکەن. ئەوەی بەلامەوە جوان و جێی دەستخۆشییە، هاوڕێیەتی هەریەک لە کاک شێخ جەعفەر و کاک مستەفای سەید قادرە کە ئامادەبوونەکەیان لەوەفدەکە بەشێکی دابڕاویی (مەعزولیەتی) سەرۆکی هەرێمی کەم کردبوەوە.
برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان
جەنابت باش دەزانی ئەوەتەی یەکتر دەناسین، سەرباریی هەموو جیاوازیی و تەنانەت ناکۆکییەکانیش، جگە لەڕێز و تەقدیری بەرز هیچ شتێک لەنێوان من و جەنابت و سەرکردەکانی دیکەی لایەنە کوردستانییەکاندا نەبوە و لە داهاتووشدا نابێت. هەموو لایەکیش دەمناسن کە جگە بابەتیبوون و بەرەژەوەندی باڵای کوردستان و ویژدانی خۆم، هیچ پێوەرێکی دیکەم لەمامەڵە لەگەڵ هیچ کەس و لایەکدا نیە. لەم ڕوانگەیەوە ئەم خوێندنەوەیەم بۆ سەردانەکەتان کردوە، کە تەمەننا دەکەم ئەمەی لێرەدا وتومە و هەڵە بێت. بەڵام هەندێک سەرنجی برایانەم لێ قبووڵ بکە.

میدیاکەت ئەرکیەتی بایەخ بەکارەکانت بدات، هەندێ جاریش ترشوخوێی بکات، بەڵام نەک موبالەغەی زەق، بۆ نموونە کە جەنابت لە بەغدا بوویت کردیان بەهەڵا کە کێشەی مووچەت چارەسەر کردوە و تەواو مووچە بەڕێوەیە، کەچی دواتر دەرکەوت وا نیە. ئەو موبالەغە زۆرەش لەباسی سەردانەکەی تارانت وەک باسمان کرد، هەروەها بڵاوکردنەوەی لێدوانەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین. باوەڕ بکە ئەم شێوازە میدیاییە لە مێژوودا شکستی خواردوە، نەک هەر خزمەت بە جەنابت ناکات، بگرە (میسداقیەت) و متمانەشت بۆ ناهێڵێت.
دەزانم ستافەکەت وەک چۆن کەسانی مووچەخۆری تێدایە، لەبەرامبەریشدا کەسانی بەئەزموون و دڵسۆزی تێدایە، کە نەک هەر ڕاستیت پێدەڵێن، بەڵکو پەیامی خەڵکیشتان لەو بارەیەوە پێدەگەیەنن. من ماف بەخۆم نادەم قسە لە ستاف و هەڵبژاردەکانی جەنابت یان هەر کەسێکی دیکەم بکەم، بەڵام ئەگەر بڕیارە ئەوانەی دەرەوەی ستافەکەت کە عینوانی ڕەسمیی بەرژەوەندییەکی تایبەتیان نیە، ئەوانیش وەک مەعمیلەکان لەسەر هەمان ڕیتمی مووچەخۆرەکان بخوێنن، کە بەڕاست و چەپ ئەشهەدو بۆ جەنابت و سەرکردەکانی دیکە دەکەن، ئیدی کەس نامێنێت ڕاستیەکان وەک خۆیان بخاتە ڕوو. ئینجا ڕاستییەکان هەر بەتەنها ڕەخنە و تاڵ و ناخۆش نین. منیش دڵنیام کە سەردانی سەرکەوتووشت کردوە، هەر کاتێک قسەم لەسەریان کردبێت ئیجابیی تەقدیرم کردوون، تەنها لەبەرئەوەی سەرکەوتو بوون، لەو کاتەشدا بۆ دەستخۆشیی لێتان هەمان پێوەرە نەگۆڕەکانم حوکمیان کردووم، کە بریتین لە: بابەتیبوون و بەرژەوەندی باڵای کوردستان و ویژدانی خۆم.

هەرگیز دژی ئەوە نیم موحەلیل و شارەزایان لە میدیاوە شیکاریی بۆ سەردان و جووڵەی سەرکردەکان بکەن، لە هەموو جیهانیشدا هەر وا دەکرێت، بەڵام جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لە نێوان شیکردنەوەی بابەتیی و دوور لە تەرەفداریی، و ئەشهەدوبیللایی هەندێک مەعمیلی بەناو شارەزا کە بەڕاست وچەپ بەدڵی سەرکردەکان قسە دەکەن.

تێبینی: ئەم وتارە ڕۆژی هاتنەوەی سەرۆکی هەرێم لە تارانەوە نووسراوە، بەڵام لەبەر زۆر هۆ دوامخست بۆ ئەمڕۆ
 

12/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر