سەرۆکی ھەرێم باخچەکەی بۆ دروستکردن

تەنیا کوردی

لەلای خۆرئاواییەکان شتێک باوە دەڵێن، بۆ گرتنی پەپولە کات بەفیڕۆ مەدە، چەند بیانگری دواجار دەڕۆن و دەفڕن و ون دەبن، گەردەتەوێ پەپولەکان بێنە لات، باخچەیەک دروست بکە، خۆیان دێن، گەر نەشھاتن، ئەوا باخچەیەکی جوانت ھەیە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی متمانە باخچەیەکی دروستکردووە، گەر ناوچەکەش متمانەی تەواوی لەسەر ھەرێم نەبێ، بەڵام گرینگە لەم باخچەیە کە ھی ھەمووانە،  ڕەنگ و لۆگۆ و ئارمی ھەموو لایەنەکانی ھەرێمی تێدایە و ناوی ناوە چەتر، لەژێر ئەم چەترە ئامانجێکی پێکراو ھەیە ئەویش دروستکردنی متمانەیە، ئیتر لەم باخچەیە ھەمووان دەتوانن چیرۆکی سەرکەوتنی ھەرێم بنووسنەوە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە وردی لەسەر ئەم ئامانجە کاردەکات، کە ھیچ ھێزو لایەنێک متمانەی نەشکێ، چونکە گەر متمانە نەبوو، نیەتی کارکردن بەیەکەوە سەخت دەبێ.

لەنێوان بەغداو ھەولێر چەندان بابەتی جیاواز ھەن، کە پاشخانێکی قووڵیان ھەیە، بەھۆی نەبوونی متمانە کێشەکان ھەڵپەسێردراون، مەرج نییە بەسەردانێک کێشەکان چارەبکربن، بەڵام بە ھەوڵی بەردەوام بۆ دروستکردنی نیەت و متمانە دەتوانرێ بابەتەکان بەشێکی بەرەو چارەکردن بچن.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وەک خاڵێکی ھاوبەش بۆ دروستکردنی ئیرادەیەکی بەھێز لە چارەکردنی کێشەکان دەجوڵێ، ھەر لایەن و ھێزێک کە پێوایە لەنێو ھاوکێشەکەدا شکاوە، لەنێو کارنامەی سەرۆکی ھەرێم شتێک نییە بەناوی شکان، بەڵکوو دروستکردنی وزەیەک ھەیە پێی دەگوترێ ھێزی ئەرێنی، کە ئەمەش متمانە دەداتە چارەسەرییەکان، دواجار ئەوانەی ھەست بەشکاویش دەکەن، دەتوانن ببنە خاڵی بەھێز بۆ دووبارە ھەڵسانەوە، بەنمونە خۆرئاواییەکان دەڵێن، لە ھەورە شکاوەکاندا باران دەبارێت، کەوایە سەرلەنوێ دروستکردنی متمانەی پێکەوەکاردن و ئەرێنی بوون،  دەتوانێ برینی شکان و شکاو، تیماری بکات و راستی بکاتەوە و دووبارە بەرھەمی سیاسی و دیپلۆماسی ھەمەلایەنە ببێتە ئامانجێکی بەھێز بۆ بەھێزکردنی پێگەی ھەرێم.

 متمانەو باوەڕ گرینگە، وەک بیانییەکان یاسایەکی نھێنیان ھەیە، کە ئەگەر متمانەت کرد، بەرامبەرەکەت جێگەی متمانە نەبوو، کاتێ تۆ بە لۆژیک مامەڵە دەکەی، کاتێک ھەنگاوە ناوخۆییەکانت تەندروستن،  ئەوا بژاردەی سەلماندنی متمانە کە ھەڵەیە یان راستە دەکەوێتە دەست بەرامبەر، بەڵام تۆ ھیچ زیانێک ناکەی، کاتێ ھەموویان لەگەڵت بەشێکی گرینگ و بڕیاردەری متمانەن، ئەوەی کە زیاندەکات ئەو بەرامبەرەیە کە متمانە دەشکێنێ، لە ئەنجامیشدا بەرامبەرێکی تر ھەیە کە متمانە دەکات و دێتە ناو ھەماھەنگیەکانت، ئەمە رێک دەبێتە شێوە بڕیاردانێکی پراگماتیکی.

 لە باخچەکەی سەرۆکی ھەرێمدا، ھیچ لایەنێک شکاونابێ، ھەموو نیەتە باشەکان بۆ پێشخستنی ھەرێم سەردەکەون، ئەم باخچەیەشە ئێستا جوانی ھێزە کوردستانییەکان لە تاران و ئانکاراو بەغدا و وڵاتانی دیکەی خۆرئاوایی، نیشان دەدات، ئەم باخچەیە لە دواجار باخچەی گەلە، باخچەی خەڵکە، باخچەی پارێزگارییە لە دەسکەوت و پێگەی ھەرێم کە دەتوانرێ گوڵی دڵخۆشکردنی خەڵک و ئومێدەکانی خەڵکی لێ گەشاوەتر ببێ و بە سەڵامتییەیەوە خەون و ئومێدەکانیش نەقرتێن

15/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر