ئارێز عەبدوڵا: حكومەتی هەرێم بەشێك لە ئۆباڵی كێشەی لەگەڵ بەغدا لەئەستۆیە

‌ئارێز عەبدولآ سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت و گاز
سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت و گاز پەرلەمانی عێراق ئارێز عەبدوڵا لەسەر ناکۆکی نێوان بەغداو هەولێر، دەڵێت" حكومەتی هەرێمیش بەشێك لە ئۆباڵی ئەو كێشەیەی لە ئەستۆیە".

ئارێز عەبدوڵا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ماڵپەڕی سپی میدیا پەیوەندی ئێستای نێوان بەغداو هەولێر و ناردنی نەوتی هەرێم لە رێگای (سۆموە) بە پەندێکی کوردی ناوزەد دەکات و دەڵێت" دەڵێن گا جوتی نەدەكرد و جوتیاریش لە خوای دەویست".

ئەمە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە لەگەڵ ئارێز عەبدوڵا سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت و گاز پەرلەمانی عێراق:

سپی میدیا: ئاراستەی ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری بودجە و نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بەرەو کوێ دەڕوات و پێشبینی چی لێدەکەیت و خوێندنەوەی تۆ چییە؟
ئارێز عەبدوڵا: كێشەی نەوت و بودجە ڕەنگدانەوەی هەندێ‌ كێشەی مێژوویی، دەستوری و سیاسی نێوان هەرێم و بەغدایە. دیارە كێشەكە لەسەر وەبەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست بووە چونكە هەرێم بەجۆرێك بیردەكاتەوەو راڤەی دەستوردەكا، بەغداش بەجۆرێكی تر بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش پێویستە یاسایەكی فیدرالی هەبێ‌ و بەهۆی ناكۆكیش لەسەر ناوەرۆكی یاساكە تا ئێستا نەتواندراوە ئەو یاساییە دەربكرێ‌. بۆ كۆتایی هێنان بەو كێشەیە پێویستە متمانە بەیەكتری بكرێ‌ و هەردوولا رێك بكەون لەسەر پرۆژە یاسایەك كە تیایدا ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێم پارێزگا بەرهەم هێنەكانی نەوت لە ژێر رۆشنایی دەستور دیاریكراو بن، ئەمە لە لایەك، بەڵام لە لایەكی تر تا عێراق سیستەمی فیدرالی تیادا جێگیر نەكرێ‌ و ئەنجومەنەكانی فیدرالی دانەمەزرێن و مادەی 140 جێ‌ بەجێ‌ نەكرێ‌ ئەو كێشەیەش چارەسەر بكرێ‌، كێشە گەلێكی تر هەر سەرهەڵدەدەنەوە .

سپی میدیا: تا چەند وەزیرە کوردەکان بە تایبەتی وەزیرەکانی پارتی کە لەناو کابینەی حەیدەر عەبادیدان لە ئەدای هەرێم رازین بە تایبەتی لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تایبەت بە نەوت و بودجە؟
ئارێز عەبدوڵا: دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆیان بكرێ‌،  بەڵام هەموو لایەكمان لە بەغدا دەزانین  كە نەناردنی بەشە داهاتی هەرێم كارێكی زۆر قێزەونە، چونكە قوتی خەڵكی كوردستانی پێوە بەندە و ئەو جۆرە فشارانە بۆ سەر خەڵكی كوردستان ماییەی تێرامان و هەڵوەستە لەسەر كردنی ئایندەی عێراقە و لە هەمان كاتیشدا كێشەكە دوو لایەنەیەو حكومەتی هەرێمیش بەشێك لە ئۆبالی ئەو كێشەیەی لە ئەستۆیە و، دەبێ ئەویش موراجعەی سیاسەتەكانی خۆی بكاتەوە .

سپی میدیا: بە ڕاشکای پێمان بڵێن تا ئێستا کێ پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکەوە، هیوادارین نەڵێن هەر دوولا، بەڵکو کێ سەرەتا پابەند نەبووەو تا ئێستا ناتوانێت پا بەند بێت؟
ئارێز عەبدوڵا: چیبكەم ناچارم بە پێچەوانەی خواستی ئێوە بلێم هەرچەندە هەردوولا دووپاتی پابەند بوونیان دەكەنەوە، بەڵام هەر دوولاشیان وەك یەك نیوە بەنیوە پابەند بوونە واتا حكومەتی هەرێم نەی توانیوە ئەو بڕە نەوتە هەناردە بكا كە رێككەوتنی لەسەر كراوە. ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك بووە، بەڵام بەغداش بە پێی بڕی هەناردە كراوی نەوت پارەی بۆ هەرێم ناردووە، نەك تەواوی ئەو بڕەی كە یاسایی بودجە دیاریكردووە . لە خۆشناوەتی دەلێن گا جوتی نەدەكرد و جوتیاریش لە خوای دەویست .

سپی میدیا: هەمیشە مانگانە لەنێوان هەرێم و بەغدا داتای ناردنی نەوت بڵاودەکرێتەوە هەندێک جار زانیارییەکان هاوشێوە نین لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کە لە تورکیاوە وەریدەگرن، کامیان راستن؟
ئارێز عەبدوڵا: بڕی ئەو نەوتەی رەوان دەكرێتە دەروە دیارەو نا شاردرێتەوە بە تایبەت ئەوەی كە بە بۆری بەرەو جەیهانی توركیا دەڕوا، بەڵام بێگومان ئەو بڕەی كە حكومەتی هەرێم هەناردەی دەكا پترە لەوەی كە دەیداتە سۆمۆ واتا بەشێك لەو نەوتە حكومەتی هەرێم بۆ دانەوەی قەرزەكانی ساڵی ڕابردوو خۆی دەی فرۆشێ‌، بۆیە جیاوازی لە نێوان هەناردە كردن و تەسلیم كردنی بە سۆمۆ دەبیندرێ‌. 

سپی میدیا: تاچەند راستە لیستە جیاجیاکانی کورد لەبەغدا لەسەر پرسی نەوت، هەمووان لەبەرەیەکن و پارتیش لەبەرەیەکە؟  
ئارێز عەبدوڵا: بێگومان بۆ چوونی جیاواز بەرامبەر بە سیاسەتی نەوت هەیە، بەڵام تا ئێستا لە بەغدا بەتایبەت لەگەڵ حكومەت و لە ناو پەرلەمان هەموو لایەنەكان یەك بەرەو یەك هەڵوێست بوونە . واتا ئەگەر جیاوازیەكیش هەبێ‌ رانەگەیەندراوە .

سپی میدیا: بەڕێزت وەک سەرۆکی كۆمسیۆنی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق کاری لیژنەکەی ئێوە چی بووە بۆ نزیککردنەوەی هەر دوولاو چاودێریکردنی رێککەوتنەکە؟
ئارێز عەبدوڵا: ئێمە وەكو كۆمسیۆنی نەوت و گاز نەك هەر چاودێری رێككەوتنەكە بووین بەڵكو هەوڵماندا رێكەوتنەكەش بچێتە ناو یاسای بودجە هەولماندا كە هەرێم و بەغداش لەیەكتری نزیك بكەینەوەو بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حكومەتی هەرێم كۆبوینەوەو لە بەیاننامەیەكیشدا كە لە ناو پەرلەمان خوێندمانەوە فشارمان خستە سەر حكومەتی عبادی بۆ ئەوەی پارەی هەرێمی كوردستان بنێرێ‌ و لەگەڵ لایەنەكانی تریش گفتوگۆمان كرد و پێم وابێ‌ هەنگاوێكیش چووینە پێش، بەلام دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەت و شاندە یاوەرەكەی هاتنە بەغدا و گەڕانەوە بەبێ‌ ئەوەی ئاگادارمان بكەنەوە، ئێمەش نەمان توانی زیاتر بڕۆین. بەڵام لە ناو كۆمسیۆنی نەوت و گاز و كۆمسیۆنەكانی تریش كەسانی دڵسۆز و بە پەرۆش هەن بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم بەغدا.



PM:10:31:11/04/2015