سبەی هەڵبژاردەی كوردستان بەرەو بەبخازیا بەڕێدەكەوێت


هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتیی كۆنیفا بۆ هەڵبژاردەی هەرێمەكان، بە فڕۆكەیەكی تایبەت لە هەولێرەوە سبەی پێنجشەممە بەرەو هەرێمی ئەبخاریا گەشتدەكات.

 

شاندی كوردستان كە لە 41 كەس پێكهاتووە، بە سەرۆكایەتی سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، پێنجشەممەی داهاتوو راستەوخۆ لە هەولێرەوە بەرەو هەرێمی ئەبخازیا بە فڕۆكەیەكی تایبەتی دەفڕن.

دڵشاد ساڵح ئەندامی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی كوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردەی كوردستان بە شێوەیەكی زۆرباش بۆ پاڵەوانیەتییەكە ئامادەیە، هەرچەندە ئاماژەی بەوەدا زانیارییەكی ئەوتۆیان لەسەر تیپەكانی كۆمەڵەكەیان نییە.

هەڵبژاردەی كوردستان لە دووەم پاڵەوانیەتیی كۆنیفا بەشداریی دەكات، كە 28ی ئەم مانگە لە هەرێمی ئەبخازیا دەستپێدەكات و 12 تیپی هەرێمەكان بەشدارن، كە بەسەر چوار كۆمەڵەدا دابەشكراون.

كوردستان لە كۆمەڵەی دووەمە لە تەك هەڵبژاردەكانی سزیكلیلاند و كۆریای یەكگرتوو، یەكەم یاریشی بەرامبەر سزیكلیلاند دەبێت لە 29ی ئەم مانگە و دواتر 31ی مانگیش بەرامبەر كۆریای یەكگرتوو یاریی دەكات.

هەڵبژاردەی كوردستان، كە لە یاریزانانی یانەكانی باشووری كوردستان پێكهاتووە و خەسرەو گورون راهێنەری تیپەكەیە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی بە مەشق و راهێنان كردووە بۆ خۆئامادەكردن بۆ پاڵەوانیەتیی كۆنیفا، تاكو ئێستاش دوو یاریی دۆستانەیان ئەنجامداوە، كە یاریی یەكەم بە 1-0 گۆڵ لە یانەی گازی باكووریان بردەوە، یاریی دووەمیش بە 3-1 گۆڵ لە یانەی گارەیان بردەوە، كە هەردوو یانە لە پلە یەكەكانی كوردستانن.

ئەو تیپانەی كوردستان یاریی ئامادەكاری لەگەڵدا كردوون، تیپی زۆر بەهێز و گەورەنەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا دڵشاد ساڵح بەڕێوەبەری تیپەكە گوتی: "پێكهاتەی ئەمجارەی كوردستان لە پێكهاتەی هەموو ساڵانی رابردوو باشتر و بەهێزترە، بڕواشمان وایە ئەنجامی باش تۆماردەكات.

كوردستان لە پاڵەوانیەتیی رابردووی كۆنیفا، كە لە سوێد بەڕێوەچوو، پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمجارە تیپەكە بەهیوای ئەنجامی باشتر روودەكاتە ئەبخازیا.

دڵشاد ساڵح ئاماژەی بەوەدا "پێكهاتەی ئەمجارە یاریزانی زۆرباشی لەخۆگرتووە، بە تایبەتی ئەو یاریزانانەی كە لە خولی عێراق یاریی دەكەن، بەڵام پێشتر ئەو هەلەمان نەبوو سوود لە هەموو یاریزانە باشەكان وەربگرین".

 

بۆچوونی جیاواز و رەخنە هەیە

هەرچەندە بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی كوردستان پێیوایە تیپەكە بە شێوەیەكی باش ئامادەكاری كردووە و یاریزانی ئاستبەرزی لەخۆگرتووە، بەڵام بۆچوونی جیاوازیش هەیە و پێیانوایە تیپەكە مەشق و ئامادەكارییەكانی وەكو پێویست نییە.

رێبین رەمزی رۆژنامەوانی وەرزشی لە بابەتێكدا لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك، رەخنەی لە هەڵبژاردەكە و مەشق و ئامادەكارییەكانی گرتووە و پێیوایە، تیپەكە بەبێ پلانێكی دیاریكراو یاریی دەكات، هەروەها نووسیویەتی: "راهێنەر نەیتوانیوە كەسایەتی و بیرۆكەی خۆی بەسەر تیپەكەدا بسەپێنێت، جگە لەوەش لە مەشقەكاندا پاڵەپەستۆی زۆر دەخاتە سەر یاریزانەكان بۆ ئەوەی توانای جەستەییان بەرزبێت، لە كاتێكدا یاریزانەكان كێشەی توانای جەستەییان نییە و بگرە پێویستیان بە پشوو و حەوانەوەی زیاتر هەیە.

 

ڤیزا ئامادەیە

لە رۆژانی رابردوودا باسی ئەوەكرا ڤیزای ئەندامانی شاندەكە نەگەڕاوەتەوە و تیپەكە كێشەی هەیە، بەڵام دڵشاد ساڵح رایگەیاند، ڤیزای تەواوی ئەندامانی شاندەكە گەڕاوەتەوە و ئامادەیە و هیچ كێشەیەكیان لەمبارەیەوە نییە.

پێشتر و لە بەشدارییەكانی پێشوودا، هەڵبژاردەی كوردستان كێشەی لە ڤیزای ئەندامانی شاندەكەی بۆ دروستبووە و جار هەبووە یاریزان، یان راهێنەر یان كارگێڕی تیپەكە بەهۆی وەرنەگرتنی ڤیزاوە نەیانتوانیوە گەشت بكەن.

 

بەشدارییەكی دیكە

هەڵبژاردەی كوردستان لەوەتەی 2008ـەوە بەشداریی پاڵەوانیەتیی هەرێمەكان دەكات، كە پێشتر لە ژێر ناوی جامی جیهانیی ڤیڤاوە ئەنجامدەدرا، دوو جار پلەی دووەمی بەدەستهێناوە و یەك جاریش بووەتە پاڵەوان، كە ساڵی 2012 بوو، كاتێك باشووری كوردستان و هەولێری پایتەخت میوانداریی پاڵەوانیەتییەكەی كرد.

ئێستاش پاڵەوانیەتییەكە لە ژێر ناوی جامی كۆنیفا بەڕێوەدەچێت، كە لەلایەن رێكخراوی كۆنیفاوە بەڕێوەدەبردرێت و رێكخراوێكی نوێیە و بایەخ بە وەرزشی هەرێمەكان دەدات، ئەوانەی وڵاتی سەربەخۆیان نییە.

 

 

ناوی تەواوی شاندی هەڵبژاردەی كوردستان بەم شێوەیەیە:

 

سەفین كانەبی  -سەرۆكی شاند

كرێكار زرار - ئەندام

دڵشاد ساڵح - ئەندام و بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی كوردستان

 

شوان رەئووف – پەیوەندی و هەماهەنگی

 

خەتاب سابیر - ژمێریار

 

خەسرەو گورون – راهێنەر

 

خالید موسا – یاریدەدەری راهێنەر

 

دارەوان قادر – یاریدەدەری راهێنەر

 

فاخیر عەلی – راهێنەری گۆڵپارێزەكان

 

جەعفەر فەهیم – سەرپەرشتیاری ناوبژیوانان

 

لەبیب حەبیب – ناوبژیوان

 

سەفین قادر – ناوبژیوان

 

دارا جەلال – ناوبژیوان

 

محەمەد حەسەن عومەر – ناوبژیوان

 

كاروان رەسوول – كارگێڕ

 

محەمەد خالید – راگەیاندن

 

میللەت جەمال – راگەیاندن

 

یاریزانان:  

 

1- رێباز عەبدوڵڵا (گۆڵپارێز) 

 

2- زنار فەیزی (گۆڵپارێز) 

 

3- سەرهەنگ موحسین (گۆڵپارێز)

 

4- جاسم محەمەد حاجی 

 

5- ئاراس مستەفا 

 

6- هەردی سیامەند 

 

7- هاوكار لەتیف 

 

8- كامەران عەلی 

 

9- بەیار ئەبووبەكر 

 

10- نیاز محەمەد 

 

11- كۆسرەت باییز

 

12- دیار رەحمان 

 

13- میران خەسرەو 

 

14- هاورێ جەلال 

 

15- هونەر ئەحمەد 

 

16- عەلی عەزیز 

 

17- محەمەد سابیر 

 

18- فەرحان شوكر

 

19- خالید موشیر 

 

20- رێكار هاشم 

 

21- ئەیوب ئەیاد 

 

22- عەبدوڵا كەیفی 

 

23- فەرهەنگ وریا .

 
spee-kfa


PM:07:43:25/05/2016