وێنە.. لە هەولێر پیاوێكی خێزاندار كچێكی تەمەن 16 ساڵ دەڕفێنێت

نزیكەی دوو هەفتەیە كچێكی تەمەن 16 ساڵ لەشاری هەولێر لەلایەن پیاوێكی خێزاندارەوە رفێنراوە‌و تا ئێستا بێ سەروشوێنە.

بنەماڵەی كچەكە كە ناوی زێنەب سەباحە، دەڵێن كچەكەیان لەلایەن (ه. س)وە رفێنراوە كە ناوبراو هاوڕێی باوكی زێنەب بووە‌و زۆر لەگەڵ ئەو خێزانەدا تێكەڵاوبووە.

بەوتەی باوكی زێنەب، كچەكەیان لە 12/7ەوە رفێنراوە‌و دەڵێت دوو رۆژ پێش رفاندنی كچەكەی، رفێنەرەكە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا هاتوون بۆ ماڵیان‌و هاوسەری رفێنەرەكە بە باوكی زێنەبی وتووە كە مێردەكەی تەماعی كردوەتە كچەی، بەڵام سەباحی باوكی زێنەب ئەو قسەیە بە جیدی وەرناگرێت تا ئەوەی رووداوەكە روو دەدات.

 سەباح باسی رۆژی دیارنەمانی كچەكەی دەكات و دەڵێت "رۆژی 12ی ئەم مانگە، كاژێر چواری عەسر بوو، ئێمە لە ماڵەوە بووین، كچەكەشم كە جلوبەرگی ماڵەوەی لەبەربوو، داوای هەزار دیناری لێكردم، بۆ ئەوەی بچێتە دووكانەكەی لای ماڵمان و شتێك بۆ براكەی بكڕێت، بەڵام دوای ئەوەی لە ماڵ دەرچوو، ئیدی نەمانبینییەوە".

گوتیشی "لە كاتی ونبوونی كچەكەمان (ه) لە ماڵمان بوو، بەڵام دوای چوونە دەرەوەی كچەكەم بە خولەكێك، ئەویش بەبیانووی ئەوەی ئیشی هەیە، رۆیشت".

دوای دیارنەمانی كچەكەی، سەباح پەیوەندی بە (ه)ەوە دەكات و لە دیارنەمانی كچەكەی ئاگاداری دەكاتەوە، ئەویش دەڵێت ئێستا دێم، بەڵام دوای چوار كاژێر دەچێتە ماڵیان. سەباح دەڵێت "تا ئەوكاتەی چوومە نەخۆشخانەی فریاكەوتن و شكات كردنیش، (ه) هەر لەگەڵم بوو. دواتر داوای ئۆتۆمبێلی كوڕەكەمی كرد و گوتی دەمەوێت بە ئۆتۆمبێل بەدوایدا بگەڕێم، بەڵام ئۆتۆمبێلەكەشی برد".

لەمبارەیەوە رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەو بارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "دادوەری لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیركردنی (ه.س) و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێكی جۆری  BMWی ژمارە كاتیی دهۆكی دەركردووە، بەڵام تائێستا نەدۆزراوەتەوە و هەوڵەكان بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە بەردەوامن".



PM:02:58:25/07/2016