"شاری حەلەب بۆ سوریا
ناشتنی پرسی کورد بۆ تورکیا"

‌وێنەکە لە رۆژنامەی سەفیرەوە وەرگیراوە

هەردوو حکومەتی تورکیاو سوریا بە نهێنی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تورکیا واز لە دەستوەردانی لەشاری حەلەب بهێنێت و سنورەکانی لەبەردەم گرووپە چەکدارەکان دابخات، بەرامبەر ئەوەش تورکیا دەستکراوە بکات کە پرسی کورد لەناو بەرێت.

لە سەرەتای وتارەکەی لە شاری غازی عەنتاب، دوێنێ سەرۆکی تورکیا رایگەیاند" ئامانجمان لە هێرشەکە هەڵکەندنی تەواوی پارتی کرێکارانی کوردستان بە رەگوریشەوە".

رۆژنامەی سەفیری لوبنانی بلآویکردەوە، کە تورکیا سەرەتا لەسەر ئامۆژگاری ئێران و رووسیا پێش هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکەی بۆ سەر جەرابلس کە ٨/١٦ دەستی پێکرد سووریای ئاگادار کردۆتەوە.

رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات کە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە بەغدا سازکراوە کە وەزیری بەرگری و ئیستخباراتی سەربازی و سێ ئەفسەری پەلە بەرزی سوری سەر بە ئاسایشی ئەو ولآتەو وەفدێکی ئەمنی تورکی بەسەرۆکایەتی حەقان فیدان سەرۆکی ئیستخباراتی تورکیا " میت " بەشداریان کردووە، هاوکات هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی سوریا وەلید معلم سەردانی بەغدایان کرد، لەو کۆبوونەوە ئەمنییەدا هەر سێ ولآت ئامادەییەکی باشیان پێشانداوە کە هەماهەنگی ئەمنی بەتایبەتی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان بکەن.

رۆژنامەکە باس لەوە دەکات سەرەتای کۆبوونەوەکە، وەفدی تورکی داوای زانیاریان لەسەر ئەو حەوت ئەفسەرەیان کردووە کە لە گەڵ ژمارەیەکی ئەفسەری تورکدا لەپاڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریادا ساڵی پار بەشداری شەڕی لازقیەو ئەدلبیان کردووەو لە شوباتی پارەوە پەیوەندیان پێوە بچڕاوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدی سوریا لە لوتکەوە فەرمانیان وەرگرتووە کە هەموو شێوە هاریکاریەک لەگەڵ موخابەراتی تورکیادا بکەن.

وا بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە دیمەشق سازبکرێت بە بەشداری ئێرانییەکانیش.

بەپێی رۆژنامەی سەفیر دوای رێککەوتن لەسەر هێڵە گشتیەکان کۆبوونەوەکەی دیمەشق لەسەر ئاستێکی بەرزتردەبێت کۆدەبنەوە.

رۆژی ٩/٦ لیوا عەلی مەملوک سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی سوریا سەردانی رووسیا دەکات بۆ هەمان پرس.

بەپێی ئەو رێککەوتنە لەهێرشی شاری حەسەکەدا سوریا لەلێدوانە فەرمیەکاندا پارتی کرێکارانی کوردستانی و یەپەگە بەتیرۆریست ناوزەد کردو، شەڕەکەو تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە"تیرۆرسیت " وبڕینی هەموو یارمەتیەکی سەربازی لە دوو گرووپی چەکدارای کورد لە عفرین هەموویان بەشێک بووە لە رێککەوتنەکە.

بەرامبەر ئەوەش تورکیا سنورەکانی بەرووی گرووپە چەکدارەکان داخستووەو وەلآمی داواکارییەکانی رووسیای داوەتەوەو هاوکات رێککەوتنەکە بەشێوەیەکە بە بەشداری ئەفسەرانی رووس چاودێری لەسەر سنورەکانی سوریاو تورکیا دابنرێت.

وەک رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات کە هەموو ئەو رێککەوتنە بەو ئامانجەیە کە سووریا بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی " ئەدەنە " و رێگاگرتن لە پەکەکە کە لە پشتەوە هێرشبکاتە سەر تورکیا، بەرامبەر ئەمەش تورکیا دەستبەرداری خواستی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب بێت و دەستبەرداری گرووپە چەکدارەکان بێت.

رۆژنامەکە دەڵیت"بەمەش تورکیا یەکەم هەنگاوی جێبەجێکرد کە گرووپە توندڕەوەکانی لە گرووپە میانڕەوەکان جیاکردەوەو بەهەزاران چەکداری سەربەخۆی لە توندڕەوەکان جیاکردەوەو ئەو هێرشەی پێکردن".

هەروەها تورکیا فیرقەی ١٣ تورکمانی لە لازقیە و گوندەکانی حەلەب پاشکەشە پێکرد کە لیواکانی مورادی چوارو، سولتان سەلیم و، ئیستەقیم کام ئەمرەت و، گرووپەکانی ناو ئەحرارو شام و، فەیلەقی شام و چەندان یەکەی ترن.

رۆژنامەکە ئەوە دەخاتەروو کە تورکیا هەموو ئەو کارانەی وەک یاخبوونێک لە ئەمەریکا کردووە، بەلآم ئەمە کارە وەک سەفیر ئاماژەی بۆ دەکات یاخیبوون لە ئەمەریکا هەنگاوێکی قورسە.

وەک دەریشکەوتووە ئەو رێکەوتنە ئەمنییەی چوار ولآتە کە بە گڵۆپی سەوزی رووسیا بەڕێوەدەچێت، لەسەرەتادایەو کاتی زۆر دەوێت کە تاچەند تورکیا پابەند دەبێت پێوەی و پاشگەزنابێتەوە، بەلآم هەر لە ئێستاوە ئەم پلانەی تورکیا بۆتە مایەی نیگەرانی ئەمەریکا کە دەبینێت تورکیا لە روسیاو ئێران و سوریا نزیکدەبێتەوەو هەر زوو ئەمەریکا زانیارییە سەربازییەکان بڕی لە تورکیا، هاوکات فڕۆکەکانیان بەشداری ناکەن لە لێدانی کوردەکان لە رۆژئاوای فورات لە جەرابلس و منبەج.

رۆژنامەکە ئەوەی ئاشکرا دەکات کە هێشتا شەڕی کوردو تورک دەستی پێنەکردووە، سەرباری ئەوەی چەند رۆژی رابردوو چەند تانکێکی تورکیا بەدەست شەڕڤانەکانی کورد تەقێنرانەوە.



PM:05:32:29/08/2016