بەشێک لەو گەنجە مەغریبیانەی لەسەر شەقامەکانی سوید دەژین لە لایەن بەشێک لە ژنان و پیاوانەوە پارەیان دەدرێتێ بۆ ئەوەی جەستەی خۆیان بفرۆشن.
یەکێک لەو گەنجانەی بۆ ڕادیۆی سوید ئیکۆت قسەی کردووە دەڵێت "زۆربەی کاتەکان پیاوێک یان ژنێک پەیوەندی دەگرێ و دەیەوێت یارمەتی بکات. بۆ نموونە دێنە پێش و سڵاو دەکەن، دوایا دەڵێن بۆ وا پیس و چڵکنی؟ دەتوانی لای من حەمام بکەی و جل و بەرگ و پێداویستییەکانت بۆ دەکڕم، دوایاش پارەت دەدەمێ، تۆش چەند شەوێک لەگەڵ من بخەوە".
بە گوێرەی هەواڵێکی بەشی کوردی ڕادیۆی سوید "هەواڵنێرەکەی ڕادیۆی سوید ڕاندی موسیگ نورهەیم لە ناو ئوتۆمبێلێکی شڕ و لە کارکەوتوو چاوی بە حەمید دەکەوێ، حەمید خەڵکی مەغریبە و سێ ساڵە لە سوید دەژیت. سەرەڕای ئەوەی کە مافی پەنابەریی نەدراوەتێ خەریکە بە ژیانی سوید عادەت دەگرێ. بە پێی قسەکانی حەمید چەند هاوڕییەکی تا ئێستا لەگەڵ پیاوانی بەتەمەن ڕۆیشتوون و کاری سێکسیان لەگەڵ کردوون"
ئەو گەنجە بەو ڕادیۆیەی وتووە "خەڵک ئامادەیە بۆ پارە هەموو شت بکات، خۆم لەگەڵیان بووم لەو کاتانەدا کە قسەیان کردووە، هەندێکیان سێ، چوار هەزار کرۆن دەدەن، هاوڕێکانم شەرم دەکەن بەم کارەی دەیکەن، بۆیە هەندێکیان مادەی هۆشبەر بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبن".
سولامیت شنایدەر کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ بەڕێوە دەبات دەڵێت" چەند کوڕێک دەناسم کە بە تەواوی کەوتوونەتە ناو کاریلەشفرۆشییەوە. ئەمە شتێک نییە کوڕەکان بە ئاشکرا باسی لێوە بکەن. تێوەگلانی کاری لەشفرۆشییەکجار دڵتەزێنە و ئەم کوڕانەهەست بەشەرمەزاریی دەکەن".