لەم هۆزەی کوردستاندا ژنان سەرۆکن

ڕۆژنامەی وشە لە ڕاپۆرتێکیدا باس لە هۆزێکی کوردستان دەکات کە تێیدا ژنان سەرۆکن و باڵادەستن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەو ڕۆژنامەیە "هۆزی مەنگوڕ پێك هاتووە لە شەش عەشیرەت، سەرۆكی پینج لەو عەشیرەتانە ژنن، واتا عەشیرەتی "مروەت ، ئامان ، زێڕن ، شەم ، زێن ، خدر" و تا ئێستەیش لەناو ئەو عەشیرەتانەدا ژن پێگەی سەرۆك و بڕیاردەری كۆتای خێزانی هەیە، بەناوكردنی پێنج عەشیرەت كە گەورەترینیان عەشیرەتی "مروەت"ـە، بەناوی ژن، پێشاندەری بەها و پێگەی بەرزی ژنە لەناو هۆزی مەنگوڕ و بەهۆی ئەوەی ژنان بەڕێوەبەری پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانن، لەناو مەنگوڕدا كۆمەڵێك دیاردەی وەك كوشتن لەسەر نامووس و بەزۆر بەشوودان و ژن بە ژن، زۆر بە دەگمەن رووی داوە."
ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ئەگەرچی باوك بە روواڵەت گەورەی ماڵە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی لە دایك كەمتر نەبێت، زیاتر نییە و هەمیشە ئەو هێڵە سوورەی لە كۆمەڵەی تردا بۆ دایك هەبووە، لەناو مەنگوڕدا بۆ باوك دروستە و هێندەی سووكایەتی بە دایك یان كچ لە تیكهەڵپڕژانی دەرەوەی خێزان بۆ پیاوێك ئاسایییە، ئەوەندە بۆ باوك هێڵی سوورە"، خەبات مەنگوڕی وای گوت".
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، هاوسەرگیری لەو هۆزەدا لە دەستی دایکدایە و لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "بڕیاردان لەسەر هاوسەرگیری لەناو هۆزی مەنگوڕدا، دوای رەزامەندی كچ و كوڕ، لە دەستی دایكدایە و هەردوو دایكی كچ و كوڕەكە بەیەكەوە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی هاوسەرگیری و بڕی مارەیی دەدەن و لە رێوڕەسمی خوازبێنیدا، ئەو بڕیارانە لەلایەن باوكی هەردوولاوە رادەگەیەندرێت كە پێشتر بڕاوەتەوە و پەسند كراوە"..



PM:05:46:06/12/2016