سپی دەقی پڕۆژەی گۆڕان بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی‌و سیاسی‌ هەرێم بڵاودەکاتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێم پرۆژەیەکی ئامادەکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی، گۆڕینی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەش پرەنسیپی سەرەکی پرۆژەکەیەو، داوا دەکات لە یەک کاتدا بگۆڕدرێن.

لەو پرۆژەیەدا کە سپی وەک تاکە میدیا دەقەکەی بڵاودەکاتەوە، تیایدا هاتووە" وەک بزوتنەوەی گۆران پێمان وایە پرسی قەیرانی دارایی و موچەی سەرجەم موچەخۆران بەھیچ جۆرێک جیا ناکرێتەوە لە قەیرانە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەربۆیە لەم روانگەیەوە بەیەک پاکێج سەیری ھەردوو پرسەکە دەکەین".

لە پرۆژەکە گۆڕان داوا دەکات "پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەیەک دانیشتنی پەرلەماندا ئەنجام بدرێت. ھەر لەھەمان دانیشتندا ئەم حکومەتەی ئێستا نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی پەرلەمان بکات، بەمەش حکومەت دەبێتە کاربەرێکەر".

بزووتنەوەی ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بگۆڕدرێت، بە سیستەمی پەرلەمانی، هاوکات داوا دەکات سیستەمی پاشکەوتی مووچە هەڵوەشێنرێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان کە پرۆژەکەی بە نەخشەڕێگای رێکاری سەرەکی و کرداری بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی و دارایی ناوزەد دەکات، داوا دەکات "پێکھاتەی حکومەتی نوێ پێکھاتەیەکی نوێ بێت بەتەواوی. ھەروەھا نابێت لەو کەسانەبن کەپێشتر ئەزمونێکی شکستخواردویان لەحوکمرانی کردندا ھەبوبێت".

 جێبەجێکردنی شەفافیەت لە بواری نەوت و داهاتەکان، یەکێکە لە پرەنسیپەکانی پرۆژەکەو لەو بڕگەیەدا، هاتووە" لەرێگەی ئاشکراکردن و گێرانەوەی سەرجەم داھاتی ئەو نەوتەی کە بەفعلی دەردەھێنرێت و لەرێگەی بۆری و تەنکەرەوە دەفرۆشرێت".
داواش دەکات ھەموو جۆرەکانی داھاتی نەوت وغاز بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر حسابی وەزارەتی دارایی و دانانی لە بانکە حکومیەکاندا.

پرۆژەکە دوو پلانی تیایە، پلانی یەکەم و دووەم، لە پلانی دوودا هاتووە" دەبێت حکومەتی ھەرێم دان بەشکستی خۆیدا بنێت لە ئیدارەدانی ئابوری سەربەخۆدا، بەتایبەت لە دۆسیەی نەوتدا و ھەنگاوی کرداری بنێت بۆ فرۆشتنی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە، بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەیاسای بودجەی ٢٠١٧دا جێگیرکرا". 





PM:08:59:02/01/2017