راپۆرتێکی گرنگی چالاکییەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لەکوردستان لەبەر رۆشنایی ئیمەیڵە هاککراوەکانی وەزیری وزەی تورکیا

 د. بایەزید حەسەن 
ناوەرۆکی ئەم راپۆرتە زانیاری سەیری تێدایە ، دەردەکەوێ کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان زیاتر خاتری کۆمپانیا تورکییەکان بگرێت لەسەر حسابی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان وەک لە کۆمپانیای بیانی تر هەرچەندە خاتری ئەوانیشی گرتووە ، بۆ نمونە هەڵکەندنی بیرێک لە بلۆکی قەرەهەنجیر بۆ هەردوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و کۆمپانیای وزەی تورکی کە پێکەوە گەڕانیان لەو کێلگەیە دەکرد بە ٢٥ ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە بەلام دوای ئەوەی ئێکسۆن مۆبیل وازی لە کێلگەکە هێناوە ، هەڵکەندنی بیرێک بۆ کۆمپانیا تورکییەکە  بە ٨٠ تاکو ١٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە . لە عێراقدا هەڵکەندنی بیرێکی نەوت بە  ٥ بۆ ٦ ملیۆن دۆلارە ، لە کوێت بە یەک ملیۆن دۆلارە .  هەروەها بە گوێرەی ئەم راپۆرتە تێچونی هەڵکەندنی بیرێک لە پیرمام بە ١٥٥ ملیۆن دۆلار بووە و لە ئەلقوش بە ١٦٧ ملیۆن دۆلار بووە بۆ ئێکسۆن و کۆمپانیای وزەی تورکی . دوای بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانە ، کۆمپانیا نەوتیەکان تێچوی هەڵکەندنی بیرەکان لە هەرێم وەردەگرنەوە !  بە گوێرەی راپۆرتەکە جگە لە کۆمپانیای وزەی تورکی ، کۆمپانیای بۆتاش ی تورکیش هەیە کە جێبەجێکاری شەش کێڵگەی نەوتی کوردستانە .
دەقی راپۆرتەکە 
دوای پێنج ساڵ و خەرجکردنی یەک ملیار وسەد ملیۆن دۆلار لە بڕیارێکی پڕ هەللای سیاسیدا ، ئیکسۆن مۆبیل بڕیاریدا وەبەرهێنان لە نەوتی کوردستان بکات بەلام  گەڕان بەدوای نەوتدا لە هەرێمی کوردستان چەند ئەنجامێکی مامناوەندی لێکەوتەوە .
یاداشتە ناوخۆییەکان و نامە گۆڕینەوە لە نێوان ئێکسۆن مۆبیل و کۆمپانیای وزەی تورکی(TEC  ) کە هاوبەشی پڕۆژەکەی ئێکسۆن مۆبیلە ، تێگەیشتنمان دەربارەی کارەکانی ئێکسۆن مۆبیل لە کوردستان و بڕیاری ئەم دواییەی  سەبارەت بە وازهێنانی لە سێ گرێبەستی نەوتی لەو شەش گرێبەستەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردبوی ، زیاد دەکات .
هەروەها  بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن ، هەرچەندە ئەو سێ پڕۆژە نەوت و گازەی کە ئێکسۆن مۆبیل بەردەوام کاری تێدا دەکردن ، لەوانەبوون لە رووی بازرگانییەوە بەسوود بن بەلام کۆمپانیاکە  ئەو بڕە نەوتە زەبەلاحەی نەدوزییەوە کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١١ هیواخوازی بوو  ، کاتێک ئێکسۆن مۆبیل مشتومڕێکی سیاسی نایەوە و سەرکێشی بە گرێبەستێکی ملیاران دۆلاری بەسرای لەگەڵ حکومەتی عێراق کرد و تەحەددای حکومەتی عێراقیشی کرد لە پیناو ئەو گرێبەستانەی کوردستان .
ئەو دۆکیومێنتانە لە لایەن گروپێکی هەڵگەڕاوەی تورکییەوە بە ناوی ( RedHack ) بلاوکرانەوە .ئەو گروپە  چوونەتە ناو ئیمەیڵەکانی زاواکەی ئەردوگان ، بەیرات ئەلبەیراک ، وەزیری وزەی تورکیا و دەیان هەزار ئیمەڵیان لە ٥/١٢/ ٢٠١٦ بلاوکردۆتەوە .
بەگوێرەی دۆکیومێنتەکان ، ئەنجامەکانی گەڕان بە دوای نەوت وگازدا بە تایبەتی لە بلۆکی قەرەهەنجیر جێگای نائومیدی بوو . کاتێک ئێکسۆن مۆبیل لە قەرەهەنجیر دەستی بە گەڕان کرد ، کۆمپانیای تری پێش ئەو گەڕانیان تێدا نەکرد بوو بەلام ئەوەی مایەی گەشبینی بوو ، رواڵەتی جیۆلۆجی ناوچەکە و نزیکی لە کێڵگەی کەرکوک  بوو –  یەکەم  دۆزینەوەی نەوت بە بڕی بازرگانی لە کێڵگەی کەرکوک بووە و  بە گوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٠  ، یەدەگی نەوتی کێڵگەی کەرکوکی نزیکەی بە  نۆ ملیار بەرمیلی داناوە ).
عەلی خدیری ، راوێژکاری دیبلۆماسی ئەمەریکی پێشوو لە عێراق کە دوایی بوو بە  بەرێوەبەری کاروباری گشتی و حکومی بۆ لقی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی هەرێمی کوردستانی عێراقی سنوردار  (   ( EMKRIL، کە ئاسانکاری بۆ دانوستانی نێوان کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێم کرد و ئێکسۆن مۆبیلی هێنایە کوردستان .
لەمانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا  دوای ئەوەی ئێکسۆن روپێوی جیۆلۆجی دوو دووری بۆ ٥٠٤ کیلۆمەتر دووجای بلۆکی قەرەهەنجیر ئەنجامدا ، جۆش و خرۆشیان بۆ  کارکردن لەو کێلگەیە نەما . ئەمەش بە گوێرەی یاداشتێکی ( TEC )کە کورتکراوەی شیکردنەوەی داتا سەرەتاییەکانی ئێکسۆنی   تێدایە ، کە بەڕێوەبەری لقی عێراقی کۆمپانیاکە ، ئەحمەد تورک ئۆگڵۆ لە ٢٧/٦/٢٠١٦ بۆ تەحسین یازاری ناردووە ، تەحسین یازار پارێزەر و راوێژکاری بەیرات ئەلبەیراکە .
 یاداشتەکە دەڵێت ؛ ئەو کانە نەوتەی لە قەرەهەنجیر دۆزراوەتەوە وادەردەکەوێ کە زۆر بلاوبوبێتەوە و بەگشتی یەدەگەکەی کەم بێت . پەرەپێدانی ئەم کێڵگەیە پێویستی بە هەڵکەندنی ژمارەیەکی زۆر لە بیر هەیە کە دەبێ هەڵبکەنرێن و ئەو بیر هەڵکەندنانە پارەی زۆری دەوێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری پرۆژەکە دەبێت .
ئێکسۆن مۆبیل و کۆمپانیا تورکییەکە بروایان وایە کە ئەو کانە نەوتە  ٢١٩ ملیۆن بەرمیل نەوت و نزیکەی یەک تریلیۆن پێ سێجای پێوانەیی گازی تێدایە  لەسەر بنچینەی P2    - ئاماژەیەکی ئابوورییە و مانای ئەوەیە کە چانسی لەسەدا پەنجا هەیە کە بتوانرێ لەرووی ئابورییەوە ئەو بڕە نەوتە دەربهێنرێ .   P1ی یەدەکی بلۆکەکە ئەوەیە کە چانسی لەسەدا نەوەدی هەیە کە لە رووی ئابورییەوە سوودی هەبێت –  دەگاتە  هەشتا ملیۆن بەرمیل نەوت و ٣٧٧ ملیار پێ سێجای پێوانەیی لە گاز .
هەروەها کێشەی کارکردنیش لەو بلۆکەدا هەبوو ، ئیکسۆن لەماوەی ئابی ٢٠١٤ تاکو ئەیلولی ٢٠١٥  هەبوونی بارودۆخێکی بلاوکردەوە کە لەتوانای ئەودا نەبوو ، بەهۆی ئەو کۆتوبەندەی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەسەریدا سەپاند بوون ، بەبێ ئەوەی بڵی بۆچی .
لەو کاتە بەداوە ، ئەو ئاڵۆزیانە  وا دەرنەکەوتن کەکۆسپ بخەنەبەر کارکردن لە قەرەهەنجیر – یاداشتە دەڵێ ، گەڕانی بوومەلەرزەیی لە ٣٠ /١١ /٢٠١٥ دەستی پێکرد – ئەو هۆکارانە بە دیاری رۆڵیکی گرنگیان نەگێڕا لە وازهێنانی ئێکسۆن لەو بلۆکە .
یاداشتی کۆمپانیا تورکییەکە دەڵێ ؛  EMKRIL بڕیاریدا واز لە بلۆکی قەرەهەنجیر بهێنی لەبەر ئەوەی ئەو بڕە یەدەگەی هەیەتی گونجاو نەبوو بۆیان . لە جیاتی ئەوەی بۆ هەڵکەندنی بیرێک ٢٥ ملیۆن دۆلار خەرج بکەن وەکو لە گرێبەستەکەدا هاتبوو ، ئێکسۆن ١٥ ملیۆن دۆلاری دا بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ ئەوەی لەو گرێبەستە بێتەدەرێ . لەو ١٥ ملیۆن دۆلارە ، ئێکسۆن ١٢ ملیۆن دۆلاری دا و کۆمپانیا تورکییەکەش ٣ ملیۆن دۆلاری دا .
 یاداشتەکە دەڵێت ؛ جیۆلۆجی بە هەمان شێوە رێگربوو لە بلۆکی رۆژهەلاتی عەربەت ، کۆمپانیاکان رووپێوی دوو دووری بومەلەرزەیان بۆ ٢٠٣ کیلۆمەتر دووجا کرد ، لەسەر بنچینەی ئەو داتایانە ، کۆمپانیاکان  یەدەگی نەوت لەسەر بنچینەی P2 یان بۆ ئەو بلۆکە بە ٣١٥ ملیۆن بەرمیلی نەوتی هاوتا مەزەندە کرد . یاداشتەکە رێژەی نەوت و گازی یەدەگی بلۆکەکەی دیاری نەکردووە .
هەروەها یاداشتەکە دەڵێت ؛ ئێکسۆن بلۆکی بێتواتەی  زوتر لەوەی لە پێشدا زانرابوو وازلێهێنا لە ٤/١١ ٢٠١٥ ئەویش بەهۆی  ئەنجامە نائومێد بەخشەکانی گەڕانەکەی بوو بەدوای نەوتدا ..
 بە گوێرەی یاداشتەکە ،لە مانگی حوزەیران ، ئێکسۆن و ( TEC )کۆی ٦٣٦ ملیۆن دۆلاریان لەو سێ بلۆکە خەرج کردبوو کە ئێستا وازیان لێهێناون ، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل ٨٠ % ی پارە خەرجکراوەکەی داوە . ئەو دوو کۆمپانیایە یەک ملیار و شەش سەد ملیۆن دۆلاریان لەو شەش بلۆکەی کوردستانیان خەرج کردوەوە .
ئەو پارەیەی بۆ سێ بلۆکە وازلێهێنراوەکە خەرج کراوە بەم جۆرەیە :  ٢١٠ ملیۆن دۆلار دراوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەک پاداشتی واژۆکردنی گرێبەستەکان لە ساڵی ٢٠١١ – تەنیا ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بلۆکی  قەرەهەنجیر بووە – لە کاتێکدا  ٤٢٦ ملیۆن دۆلار خەرجی کارکردن لەو بلۆکانەدا بووە .
کۆمەڵیکی جیا لە ئیمەیل کە ویکیلیکس بلاوی کردۆتەوە کە ئیکسۆن بۆ ( TEC )ناردووە پشتگیری ئەو ژمارانەی کە لە یاداشتە ناوخۆییەکانی کۆمپانیا تورکییەکەدا هاتوون دەکەنەوە .
کەمتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان 
ئێکسۆن و TEC تا ئێستا هەر لە بلۆکەکانی پیرمام و ئەلقوش ماون ، هەرچەندە یاداشتەکانی کۆمپانیا تورکییەکە ئەوە دەردەخات کە تێڕوانینێکی مامناوەندییان لەچاو چاوەڕوانییەکانی  خدیری و ئێکسۆن مۆبی  هەیە . خدیری وتبوی ،  باکۆری رۆژئاوا و ناوەڕاستی کوردستان بۆ چەند دەیەیەک لە لایەن جیۆلۆجییەکانەوە وا مەزەندە دەکرا کە لەڕووی جیۆلۆجییەوە ئومێدبەخش بن بۆ دۆزینەوەی نەوت، دۆزینەوەکانی بلۆکی شێخان و رووبەرەکانی دەشتی نەینەوا و تەق تەق و تاوکێ راستی ئەو مەزەندەیان سەلماند .
بلۆکەکانی ئێکسۆن لەو بەشانەی کوردستان  وا دەرناکەون کە وەکو تاوکێ یەدەگی نەوتی زۆریان هەبێت ، لەوانەیە ئەو مەزەندانە بگۆڕێن کاتێک چالاکییەکان داتای زۆرتر دەخەنەبەردەست . بەگوێرەی کۆمپانیای DNO نەرویجی ، لەسەر بنچینەی P2 یەدەگی نەوتی تاوکێ  ٥٤٣ بەرمیلە و ئێستا رۆژانە ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنی و لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە نەوت بەرهەم دێنی .
شیکردنەوەی رووپێوی بومەلەرزەی  دوو دووری و هەڵکەندی بیری لێگەڕان   لەسەر بنچینەی P2 ئەوە پێشنیار دەکەن کە بلۆکی پیرمام ١١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا بێ و وابیردەکرێتەوە کە گازی زیاتر بێت ، ٨٨٠  ملیار پێ سێجا گازی هەبێت .
وا بیردەکرێتەوە  لەسەر بنچینەی  P2کە بلۆکی ئەلقوش  ٢٥٦ ملیۆن بەرمیل نەوت و ١٣١ ملیا پێ سێجا گازی هەبێ . دوو پێکهاتەی جیۆلۆجی  بلۆکی بەعشیقە  ٥٨٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوتایان هەبێت واتە نەوت و گاز پیکەوە .
بە گوتەی ئێکسۆن و کۆمپانیا تورکییەکە ، ئەو دوو کۆمپانیایە ٧٠٤ ملیۆن دۆلاریان لەو سێ بلۆکە خەرج کردوە ، لەو بڕە پارەیە ٢٩٠ ملیۆن دۆلاریان وەک پاداشتی واژۆکردن داوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان . تێچونی هەڵکەندنی بیرەکان لە پیرمام  ( تێچووەکەی ١٥٥ ملیۆن دۆلار ) و لە ئەلقوش   ( ١٦٧ ملیۆن دۆلار ) ، ئەمانە گرانترین نرخی هەڵکەندنی بیری لێگەڕان بوون تا ئێستا لە کوردستان .
هەڵکەندنی بیر لە بەعشیقە بە هۆی هێرشی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دواکەوت تاکو مانگی یانزەی ٢٠١٦ . تەنانەت پێش هێرشی داعشیش ، ئەم دوو بلۆکە و وێڕای بلۆکی قەرەهەنجیر  جێگای ناکۆکی درێژخایەنی  نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بوون . زۆر لە سەرکردەکانی بەغدا ئەو گرێبەستانەیان وا دەبینی کە هەوڵێک بێت بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بخرێنەسەر هەرێمی کوردستان و ئێکسۆن هاریکاری حکومەتی هەرێم دەکات ، بە تایبەتی کە بەعشیقە درێژ دەبیتەوە بۆ ناو پارێزگای نەینەوا بۆ سنوری موسڵ . بڕیاری ئێکسۆن مۆبیل بۆ ئەوەی گرێبەستەکانی بلۆکی بەعشیقە و ئەلقوشی بمێنێ و  واز لە بلۆکەکانی رۆژهەلاتی عەربەت و بێتواتە بهێنی کە دەکەونە ناو هەرێمی کوردستان  ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی سەرەکی کار لەسەر هەڵسەنگاندنی جیۆلۆجی دەکات وەک لەوەی لە مەترسی سیاسی یان ئەمنی نیگەران بێت  .
هەوڵ بدە و دووبارە هەوڵ بدە 
 وردەکاری ئەنجامەکانی ئێکسۆن  مۆبیل دوای ئەوە هاتن کاتێک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەوڵی ئەوەیدا وەبەرهێن بۆ  لێگەران بۆ٢٠ بلۆک رابکێشێ ، بەو سێ بلۆکەش کە ئێکسۆن و کۆمپانیا تورکییەکە وازیان لێهینابوون .
هەرچەندە ئێکسۆن مۆبیل بریاریدا ئەو سێ بلۆکە واز لێبهێنێ بەلام  هێشتا ئومێد هەیە کە کۆمپانیەکانی تر گرنگی بەو سێ بلۆکە بدەن . ئیکسۆن ناوبانگی لەم پێشەسازیدا هەیە لەوەی دوورکەوتنەوە لەو پرۆژانەی کە کۆمپانیاکانی تر وەرگرتنی ئەو پڕۆژانە بە پڕکێشی دەزانن.   لەبەر ئەوەی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کۆمپانیایەکی گەورەیە ، هەر پرۆژەیەک کە کێبڕکێی تێدا بێت لەسەر وەبەرهێنانی دارایی جیهانی بۆ بەشێک لە بودجەی سەرمایە ، لە ئەنجامدا ، ئێکسۆن  هەندێک پێوەری توند دادەنێ بە تایبەتی دەربارەی ئەو پاداشتەی کە دەبێ پرۆژەکە لە داهاتوودا هەیبێ بۆئەوەی بەرنامەیەکی هەڵکەندنی گرانبەها پەسەند بکات .
بۆ کۆمپانیا بچوکەکان کە حەزی زۆرتریان بۆ پڕکێشی هەیە و توانایان هەیە کە بە تێچوویەکی کەمتر  لەو پڕۆژانە کاربکەن – یان بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە هۆیەکی ستراتیجی فراوانتریان هەیە بۆ ئەوەی تەرکیز بکەنەسەر کوردستان – هەمان رووبەر  هێشتا دەتوانێ پاداشتێکی گونجاویان بۆ فەراهەم بکات .
وا دەردەکەوێ کە ( TEC )زیاتر لە ئێکسۆن بایەخ بە بلۆکەکان بدات . یاداشتە ناوخۆییەکەی تورک ئۆگلۆ و وێڕای گۆرێنەوەی ئیمەیلەکان کە ویکیلیکس بلاوی کردنەوە ، ئەوە نیشان دەدەن کە دەسەلاتدارانی تورکیا  لەوەیان دەکۆڵییەوە کە ئەگەر و چۆن  بتوانن کۆنتڕۆڵی پشکەکانی ئێکسۆن بکەن ، هەرچەندە وایان پیشان نەدەدا کە بە پەلە بن کە سەرمایە لەو پرۆژانەدا نقوم بکەن .
لە یاداشتیکیدا بۆ ئەلبەیراک ، تورک ئۆگلۆ چەند بژاردەیەک بۆ داهاتوو بۆ مانەوە لە گرێبەستەکاندا دەخاتەڕوو لەگەڵ دواخستنی یان کەمکردنەوەی ئیلتیزامانی کۆمپانیاکەیان بۆ بیر هەڵکەندن .
بۆ قەرەهەنجیر ، یاداشتەکە دەڵێ ، ئەوان بیر لە کڕینی بیرێکی ١٥ ملیۆن دۆلاری دەکەنەوە کە ئێکسۆن پێشنیازی کردبوو ، وا دەردەکەوی کە رێگای بە کۆمپانیا تورکییەکە دابێ خۆی لە ئیلتیزاماتی تر تاکو ١٧/٤/٢٠١٧ دووربخاتەوە . دوای ئەوە داوا لە کۆمپانیاکە  دەکرێ بیرێک هەڵبکەنێ بە تێچونێک کە مەزەندە دەکرێ لە ٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ ١٠٠ ملیۆن دۆلار بێ .
بۆ  بلۆکی رۆژهەلاتی عەربەت یاداشتەکە پێشنیازی ئەوەدەکات کە دەکرێ  ئەم بلۆکە لەگەڵ بلۆکی عەربەت یەکبخرێن ، ئەمەش وادەکات لایەنی تورکی بتوانێ بۆ هەردوو گرێبەستی بلۆکەکە ئیلتیزاماتی خۆی جێبەجێ بکات ، ئەویش بە هەڵکەندنی یەک بیر . لە پێشدا وا بیردەکرایەوە کە ( TEC )کە تورکیا  هەموو وەبەرهێنانەکانی خۆی لە کوردستان پێ جێبەجێ بکات  بەلام یاداشتەکەی ئەم کۆمپانیایە روونیدەکاتەوە کە کۆمپانیایەکی حکومی تری تورکی  بە ناوی بۆتاش ( Botas ) جێبەجێکاری بلۆکی عەربەت و پێنج بلۆکی ترە کە تورکیا جێبەجێکاریانە .
( بۆتاش کۆمپانیایەکی بۆڕی حکومەتی تورکیایە کە بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا کارپێدەکات و ئێستا تاوانبارە بە پێشێلکردنی گرێبەستێک کە بەغدا لە دادگای ناوبژیوانی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس  شکاتی لێکردووە بۆ بەدواداچون بە رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەو بۆڕییەدا بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق )
روون نیە کە ئایا ئارەزوی تورکیا بۆ هێواشکردنەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنانەکانی بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راگەیانراوە یان نا . لەگەڵ ئەوەشدا ، وا دەردەکەوێ کە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە کۆتاییدا هەوڵەکانی ( TEC )بۆ کڕینی پشکەکانی ئێکسۆن مۆبیلی شکست پێهێنابێ .
سەعد سەعدوللا گەورە راوێژکار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ئیمەلێکی بۆ تورک ئۆگلۆ لە  ٢٧/٦/ ٢٠١٦ دەڵێت دادگاییکردنەکەی گواستۆتەوە .
" دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیر سەبارەت بە گفتوگۆمان لەسەر فراوانکردن / مانەوەی  گرێبەستەکە   ( گرێبەستی بەشداریکردنی بەرهەم ) ( PSC ) بۆ گەڕان لە بلۆکی  رۆژهەلاتی عەربەت و بلۆکی قەرەهەنجیر بۆ ( TEC )– وەزیر ئاماژەی بەوەدا کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان  رێگە بەفراوانکردن نادات . سەعدوللا نوسیویەتی ، پێشنیاری ئەو ئەوەیە کە لە وازهێنان لە بلۆکەکان بەردەوام بێت وەک لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیل پلانی بۆ دانراوە ، لە داهاتوودا هیچ کۆسپێک نییە رێگر بێت لەبەردەم لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجەکانی گرێبەستێکی نوێ کە هاوشێوەی ئەو بەرژەوەندییە بێت کە ئێستا ( TEC ) هەیەتی .



PM:01:53:07/01/2017