بزانە ئەم کچە لە هەولێر چی لێبەسەرهات کاتێک شووی کردووە

ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان، لە وتاری ئەمجارەیدا باس لە کچێک دەکات کە لەگەڵ پیاوێکدا هاوسەرگیری کردووە کە ژنی دیکەی هەبووە.

ژیلەمۆ لە وتارێکیدا بۆ ڕووداو نوسیویەتی "ئافرەتێك بۆی گێڕاینەوە دوو ساڵ پێش ئێستا لەڕێی قوتابخانە كوڕێكی ناسیوە كە لە خۆی گەورەتر بووە، پەیوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست بووە، كوڕەكە خۆی وا نیشانداوە كە زۆر زۆری خۆشدەوێ‌. ئەو ئافرەتە باوك و دایكی لە یەكدی جیاببوونەوە، باوكی ژنێكی دیكەی هێنابوو، ئەویش بە تەنیا لەگەڵ دایكی دەژیا. پەیوەندییان بەردەوام بووە، تاوەكو رۆژێك كوڕەكە پێیگوتووە دەیەوێ‌ هاوسەرگیری بكەن. دواتر پێیگوتووە ژنی هەیە و منداڵی هەیە، بەڵام ئافرەتەكە كوڕەكەی هێندە خۆشویستووە چاوپۆشی لەوە كردووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە شووی پێ بكات".

هەروەها نوسیویەتی "كوڕەكە چوو بۆ خوازبێنی كچەكە، بەڵام دایكی كچەكە رازی نەبووە، پێیگوتووە نابێت مێردی پێ بكەی و تۆ قوتابیت، جوانی و گەنجی، چۆن مێرد بە كەسێك دەكەی كە ژن و منداڵی هەیە. بەڵام كوڕەكە هەر وازناهێنێ‌ و دەچێتە لای باوكی كچەكە، وەڵامی ئەویش هەر "نەخێر" دەبێت. بۆیە كچەكە ماڵ جێدێڵێت و دەچێتە خانەی داڵدەدانی ژنان، سكاڵاش لەسەر دایك و باوكی تۆمار دەكات بە تۆمەتی ئەوەی رێگرییان لێكردووە شوو بكات"

ئەو بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە "لەوێ دایك و باوكی سەردانی دەكەن و زۆر ئامۆژگاریی دەكەن كە شوو بەو كوڕە نەكات، بەڵام سوودی نەبوو. توێژەرانی كۆمەڵایەتیش زۆر رێنمایی دەكەن، بەڵام كچەكە دەڵێت شوو بەو كوڕە نەكەم لێرە ناچمە دەرەوە، دواجار كچەكە لە دادگا مارە دەكرێ‌، دایك و باوكیشی دوای ئەوەی نائومێد بوون، بەناچاری بە شووكردنی كچەكەیان رازی دەبن، بەڵام ئەو ژیانەی ئەو كچە خەونی پێوەدەبینی تەنیا دوو رۆژی خایاند. رۆژی سێیەم مێردەكەی بردییەوە لای ماڵی ژنی یەكەمی، لە قوتابخانەش دەریهێنا. پێیگوت ئیدی ئێرە شوێنتە و دەبێت لەگەڵ هەوێیەكەت خۆت بگونجێنی. وەك ئەو ئافرەتە دەڵێت، كردی بە "خزمەتكار"ی ژنە گەورەكەی. ئەو ژنە دەیگوت بۆی نییە بچووكترین گلەیی بكات، هاوژینەكەی یەكسەر پێیدەڵێت "دەرگا لەسەر پشتە دەتوانی بڕۆی".

لە کۆتایی چیرۆکەکەدا نوسیویەتی "داواكاریی ئەو ژنە ماڵی جیا نەبوو، تەنیا دەیویست ئامۆژگاریی مێردەكەی بكرێ كە چیدی سەرزەنشتی نەكات و پشتی تێنەكات. كە بانگی هاوژینەكەی كرا، یەكسەر گوتی ژیانم نەماوە بە دەست ئەو ژنەوە، هەڵەیەك بوو كردم، مەمنوونم لە كۆڵم ببێتەوە. من پێشتر پێمگوتبوو ژنم هەیە، با وازی لێ هێنابام. ئەو ژنە دڵی لە من پیسە كە دەچمە دەرەوە بەردەوام تەلەفۆنم بۆ دەكات، هەرچەندە ژنەكە دەیزانی پیاوەكەی لێی بێزارە و دەیزانی هەڵەیەكی كردووە و راست ناكرێتەوە، بەڵام دەیگوت من روو لە كوێ‌ بكەم، من بەبێ رەزامەندی دایك و باوكم مێردم بەتۆ كرد، بۆیە وا خۆت لەسەر من گران دەكەی. سەرباری ئەوەی مێردەكەی كۆمەڵێك مەرجی قورسی بۆ دانا كە چیدی بۆڵەبۆڵی لەسەر نەكات و زۆر تەلەفۆنی بۆ نەكات، بەڵام ژنەكە رازی بوو بگەڕێتەوە لای مێردەكەی. بۆ ژنەكە روونكرایەوە ئەگەر داوا بكات یاسا رێگەی داوە ماڵی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی نەیدەویست لەماڵی داڵدەدان بێ، لە ترسی تەڵاقدان و لەدەستدانی ماڵی باوكیشی، بە ناچاری گەڕایەوە لای مێردەكەی. بەڵێننامەش بە هاوژینەكەی پڕكرایەوە كە لە نێوان ژنەكانیدا عادل بێت."



PM:04:06:20/01/2017