لەگەڵ پارتی، یان دژی پارتی
چۆنێتی ناکۆکییەکانی نێوان ماڵباتی تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ماڵباتی تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حیزبە لەسەر دوو پرسی سەرەکی چارەنووساز کە رووبەرووی ئەو حیزبە بۆتەوە، بۆچوونی جیاوازیان هەیەو جیاوازییەکانیشیان گەیشتۆتە ئاستێکی قوڵ، ئەو دووپرسەش پەیوەندی ئەو حیزبەیە لەگەڵ هەریەک لە پارتی و گۆڕان.

بەپێی  زانیارییەکانی سپی کە لەچەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، ماڵباتی تاڵەبانی لەسەر ئەو دوو پرسە بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی و بەشداریکردن لەگەڵ پارتی لە حوکمڕانی هەرێم بەکارو ئەرکێکی سەرەکی ئەم قۆناغەی یەكێتی دەزانن، گرنگیدانی دووەمیان دەدەن بە گۆڕان و پەیوەندی لەگەڵ ئەو حیزبە بەکاری دووەمی یەكێتی دەزانن، ئەو کەسانەی نوێنەرایەتی ئەم تێڕوانییە لە نێو ماڵباتدا دەکەن هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانین.

ئاراستەی دووەمی نێو ماڵبات کە هەریەک لە لاهوری شیخ جەنگی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەدو لەتیف رەشید نوێنەرایەتی دەکەن، ئەوان پێیانوایە دەبێت رێککوتنی ١٧ ئایاری ٢٠١٦ لەگەڵ گۆڕان بە وردو درشتیەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو، دواتر لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بکرێت لە سەر رێکخستنەوەی هەرێم.

لە ماڵبات کەسی بە‌هێزی ئەم پرسە کە تا ئێستا بەتەواوی خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە کە چارۆکەکەی هەرجارەو بەلایەکدا دەشەكێتەوە، جارێک بەلای پارتی و زۆرترین جار بەلای گۆڕاندا، تا ئەو ئێستا قسەی کۆتایی خۆی نەکردووە، بەڵام بەم دواییانە لەسەردانەکەیدا بۆ دەرەوەی وڵات و سەردانی بۆلای نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە ١/٢٦ دا لە لەندەن، ئێستا کەشتیەکە چارۆکەکەی بەلای گٶڕاندا شەکاوەتەوە، بەڵام ناشزانرێت سبەی لەنێو ئەم ناکۆکیە توندەی نێو بنەماڵەکەیدا چۆن و چی بڕیار دەدات؟ لە کاتێکدا هێرۆ ئیبراهیم دڵی لای نەوشیروانەو بەرژەوەندی بنەماڵەکەی و حیزبەکەی لەلای بارزانی و پارتی یە.  

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لەنێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی جیاوازی و ناکۆکیەکان هەرچەندە بەشێواز ستایڵێكی ترن، بەڵام دەچنەوە سەر هەمان توولە رێگای جیاوازیەکانی ماڵبات و ئەوانیش بوون بە دوو بەشەوە، کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار سەرباری ئەوەی تێروانیان جیاوازە لەوەی چی دەپچڕن لە پارتی، بەڵام هەردووکیان بە ئاراستەی رێککەوتن لەگەڵ پارتی دەڕۆن، هەرچی کۆسرەت رەسوڵ براگماتیزمیانە تر مامەڵە دەکات و دەیەوێت زۆرتر لە پارتی بپچڕێت، هەرچی مەلا بەختیارە زیاتر گرێ دەروونیە مێژوویەکانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا حوکمی بەسەردا دەدەن و هەر وێستگەیەک دووریبخاتەوە لە نەوشیروان مستەفا، ئەوا ئەم بەرەو پیری دەچێت، بەلاشیەوە گرنگە لەم هەنگاوانەیدا کە ئێستا وەک کەسی یەکەم، یان دووەم لەنێو یەکێتیدا دەردەکەوێت، لەم پێگەیەدا بمێنێتەوە، لە کاتێکدا لە نزیکبوونەوەی لە گۆڕان هەرگیز لەم پلەیەدا نامێنێتەوە.

ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بەسەر ئەم دوو ئاراستەیەی ماڵبات و جێگرو بەرپرسی دەستەی کارگێڕی دابەشبوون، هەرچی هیڕۆ ئیبراهیم ئەحمەدە چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی لە دەوری گردووبەنەتەوە، کۆسرەت رەسوڵیش کە لەگەڵ بەرهەم ساڵح "ناوەندی بڕیاریان" دامەزراند، لە نیوەی رێگا بەرهەم ساڵحی جێهشت و ئێستا ئەو باڵە بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەر بە باڵی ناوەندی بڕیار دوای کۆسرەت رەسوڵ کەوتوون و بیر لە پێگەو بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ پارتی دەکەنەوە.
بەرهەم ساڵح کە بەشداری کۆبوونەوەی ئەم دواییەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەکرد، خۆی و گرووپەکەی لە سەرکردایەتی یەکێتی کە شەش ئەندامی سەرکردایەتی دەبن، چاودێری هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی بەتایبەتی هێرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵ دەکەن بەرامبەر پارتی، لە کاتی خۆیەکلاییکردنەوە هەریەک لە هێرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵ بەلای پارتیدا، ئەم پانتاییەکی لەبەردەمدا دەبێت بۆ گەمەی سیاسی و ئیشکردن لەسەر هەڵوێستی ئەوان، بەڵام ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن، بەرهەم ساڵح لەم قۆناغەدا هەڵوێستی خۆی نە لەگەڵ پارتی و نە لەگەڵ گۆڕان یەکلایی ناکەتەوەو چاودێریان دەکات بزانێت ئەوان بە کوێ دەگەن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لەمپەری گەورەی بەردەم رێککەوتنی هەر ئاراستەیەکی باڵای یەکێتی لەگەڵ پارتی و پشتگوێ خستنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی ناوەند دەبێت. ئەو ناکۆکی و بێ متمانەیەی لەنێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتییەکەیدا هەیە گەیشتۆتە ئاستێک کە ئاسان نابێت هەر بەرپرسێکی باڵای ئەو حیزبە بتوانێت سەرچڵی بکات و بەبێ را وەرگرتنی سەرکردایەتی هەنگاوی رێککەوتن بەرەو پارتی بنێت.

لە نێو سەرکردایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی ناوەندا کەمنین ژمارەی ئەو ئەندامانەی دژی هەموو نزیکبوونەوەیەکن لەگەڵ پارتی و دووبارەکردنەوەی حوکمی "فیفتی فیتی" نێوانیان، ئاماژەکان ئەوە دەگەیەنن کە ئەو دەستە باڵایەی نێو یەکێتی لەگەڵ هەموو نەیارانی تری نێو ئەو حیزبە کە دژی پارتین لە مپەری گەورە لەبەردەم هەر رێککەوتنێکی لەو جۆرەدا دروستدەکەن، کە مەترسی ساردبوونەوەو ئینشقاقی نوێشی لێدەکرێت.

ئەوەی لەمپەرێکی تریش دەبێت لەبەردەم رێککەوتنی نێوان باڵەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا، ئەو مەزاجە سیاسیە گشتییەی دەڤەری سلێمانی و ناوچەی سەوزو شینە کە هەرکەس تاک لایەنانە رێککەوتن لەگەڵ پارتیدا بکات، لەرووی جەماوەریەوە بەرەو لاوازی دەڕوات و دەبێت لەم ناوچانە خۆی ئامادە بکات بۆ رووبەرووبوونەوەی خەڵک و هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی ئەو رێککەوتنە، بۆیە رەنگە باشترین چارەسەر لەم قۆناغەدا هێزەکانی سلێمانی ( یەکێتی و گۆڕان ) هەڵوێستیان یەکبخەن و ئەوجا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بکەن.   
  

     





ئه‌م بابه‌ته 6003 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:04:13/02/2017