پێشمەرگەی هەولێر و برایەتی بەبێ گۆڵ یەكسانبوون

لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان، هەردوو یانەی برایەتی و نەورۆز بەبێ گۆڵ یەكسان و تەنها خاڵێكیان بەركەوت.
لە گەڕی (13)ی قۆناغی دووەمی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان، لە میانی یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەم، لە شاری هەولێر، یانەی برایەتی لە یاریگەی خۆی پێشوازی لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر كرد و،یارییەكەیش بە ئەنجامی یەكسانبوون و بەبێ گۆڵ دوماهی هات.
یاری چوونی نێوانیان كە لە پیرمام بەڕێوەچوو، سەوز پۆشەكان بەگۆڵێكی بێ بەرانبەر سەركەوتنیان بەسەر یانەكەی پیرمام تۆمار كرد، بۆیە كوڕانی سەمیر بابۆی راهێنەر بۆ بردنەوە و سێ خاڵی یارییەكە و نزیكبوونەوە لە قۆناغی چوار گۆشەی زێڕین یارییان كرد و كوڕانی فاتیح حەمە خانیش ئامانجی دەستخستنی خاڵەكانی یارییەكەیان هەبوو بۆ ئەوەی هیواكانی سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو زیندوو بكەنەوە.
لە كەش و هەوایەكی سارددا رووبەرووبونەوەكە بە فیكەی ناوبژیوان ئومێد موستەفای ناوبژیوانی ناوەڕاست دەستیپێكرد.
لە گێمی یەكەمدا، یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەستپێشخەری كۆنتڕۆڵی تۆپ كرد و هەر لە خولەكی (2)ی یارییەكە عامر فازل خەریك گۆڵی یەكەم تۆمار بكات كاتێك تۆپەكەی بە ستونی لای چەپی هەورامانی گۆڵپارێزی برایەتی كەوت.
(10) خولەكی سەرەتادا بۆ بەرژەوەندی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بوو تێیدا كۆنتڕۆڵی یارییەكەی كرد و، دواتر یانەی برایەتی باشتر دەركەوت، چەند هێرشێكی بۆ گۆڵی یانەی پێشمەرگەی هەولێر برد و، لە خولەكی ( 17) سەفین مەنسوڕ تۆپێكی ئاراستەی گۆڵی پێشمەرگەی كرد و كاوە حەسۆ بەئاسانی كۆنتڕۆڵی كرد.
لەبەرانبەردا فەرهەنگ وریا لە خولەكی ( 21)دا بە لێدانێكی بەهێز وەڵامی دایەوە بەڵام تۆپەكەی بۆ دەرەوە هەنگاوی نا، لە خولەكی (28) عیماد ئەسعەد بەتەمەنترین یاریزانی خولی نایابی كوردستان بە لێدانێكی گۆشەدا تۆپێكی بەسەر ئاراستەی گۆڵی برایەتی كرد، بەڵام تۆڕەكەی هەورامان نەهەژاند.
لەم گێمەدا هەردوو یانە هەوڵیاندا گۆڵی یەكەم تۆمار بكەن، بەڵام پتەوی هێلی بەرگری هەردوو تیپ نیوەی یەكەمی بە ئەنجامێكی سپی هێشتەوە.
لە گێمی دووەمدا، یانەی برایەتی هەر لەسەرەتاوە كۆنتڕۆڵی یارییەكەی كرد و جوڵەكانی هەڵگورد مەلا محەمەد و سەفین مەنسوڕ مەترسیان خستە سەر گۆڵی پێشمەرگەی هەولێر، بەڵام هێڵی بەرگری پێشمەرگە بەسەرپەرشتی عیماد ئەسعەد لەئامادەباشیدابوون و بەرپەرچیان دانەوە، سەرەڕای ئەمەیش، یانەی برایەتی ئاسانترین دەرفەتی لەدەستدا، كاتێك كاوە حەسۆ تۆپێكی ئاسانی عومەر عومەری لەبەردەم گۆڵدا كۆنتڕۆڵكرد، لە خولەكی ( 70) هەڵگورد مەلا محەمەد تۆپێكی ئاراستەی گۆڵی پێشمەرگە كرد بەڵام تۆپەكەی بەرقاچی یاریزانانی هیلی بەرگری كەوت و مەترسییەكەیان دوورخستەوە.
دواتر، راهێنەری هەردوو یانە دەستیان بەگۆڕانكاری كرد بەمەبەستی پێكاندنی ئامانجەكانیان بەتایبەتی یانەی برایەتی كە هەوڵی دەدا هەر چۆنێك بێت سێ خاڵی یارییەكە دەستەبەر بكات بەڵام ئەم گۆڕانكارییانە هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە.
لە خولەكەكانی كۆتاییدا، یاریزان مازن عەزیز لە خولەكەكانی ( 80 و 84 ) دوو دەرفەتی بۆ یانەی برایەتی لەدەستدا، لەبەرانبەردا، لە كاتی زیادكراوی یارییەكە، فەرهەنگ وریا هێرشبەری پێشمەرگەی هەولێر هەلێكی ئاسانی لەبەردەم گۆڵی هەورامان رزگار لەدەستدا، دواتر ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكەی لێدا و رووبەرووبونەوەكە بە ئەنجامێكی سپی و بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
بەو ئەنجامە، یانەی برایەتی خاڵەكانی بوون بە ( 13 ) خاڵ و لە ریزبەندی پێنجەمە و هیوای سەركەوتنی بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی لەدەسەتدا، پێشمەرگەی هەولێریش سوودی لە شكستەكەی یانەی نەورۆز وەرگرت و بەكۆكردنەوەی (16) خاڵ ریزبەندی دووەمی گرتووە.


spee- kfa


PM:08:57:16/02/2017