"چیتر کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام نابێت"

بەهۆی ناڕەزایەتی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکیتی و سەرکردایەتییەوە، چیتر کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەو شێوەیەی رابردوو بەردەوام نابێت.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانەی لەناو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هەیە دژی ئەو شێوازەی ئەو حیزبە گفتوگۆی پێدەکات لەگەڵ پارتی، چیتر بەو شێوەیە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام نابێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو ژمارە بەرچاوە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەرکردایەتیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو چەند کۆبوونەوی وەفدی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا کردوویانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و، هاوکات مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بخرێتە بەردەم پرسیارەوە کە بۆ بە نەخشە رێگای حیزبەکەیان کاری نەکردووە کە سێ مانگ ئەو حیزبەی سەرقاڵ کردبوو تا بڕیاری لەسەر درا".

سەرچاوەکەی سپی نەیشاردەوە کە ئەو دەنگانە زۆرن لە نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتیدان داوای گۆڕینی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی لەگەڵ پارتیدا دەکەن.

ئەم پەرەسەندانەی نێو یەکێتی لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو لە دوا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە بارەگای یەکێتی لە هەولێر کە مەسعود بارزانیش ئامادەی بوو، وا بڕیار بوو هێرۆ ئیبراهیمش بەشداری بکات، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی ئەو کوتلە بەهێزەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، لە ساتەکانی پێش کۆبوونەوەکەدا ناوبراو بڕیاری دا بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات.

دوێنیش ٤/١٧لە دوا لێدوانی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، گۆڕانکاریەکی زۆر بە لێدوانەکەیەوە دەبینرا، بەتایبەتی کە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت پێش ئەنجامدانی راپرسی لە هەرێمدا، دۆخی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوە.
دوێنێش بەدوور لە چاوی میدیاکان وەک هۆشیار زێباری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردۆتەوە، خۆی و د، رۆژ بەسەردانێک هاتوونەتە سلێمانی و لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆبوونەتەوە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ ەوە تا ئەمڕۆ لەنێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیدا چەند کۆبوونەوەیەک سازکراوە، لە زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەدا، وەک ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەجێندای پارتی کراوەتە بابەتی کۆبوونەوەکان و یەکێتی وەک پاشکۆ دەرکەوتووە، ئەوان پێیانوایە دەبێت نەخشە رێگای سەرکردایەتی یەکێتی بکرێتە بنەما بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، نەک پرسی ریفراندۆم بەو شێوەیەی کە پارتی دەیەوێت بکرێتە بنەمای کۆبوونەوەکان و ، بەم شێوەیەش ململانێکانی ناو یەکێتی درێژەیان هەیە.      



AM:10:51:18/04/2017