قوربانیەكانی سێكس چات لە دهۆك هەزاران كەسی تێپەڕاند

قوربانیەكانی سێكس چات لە دهۆك 2000 كەسی تێپەڕاند و پسپۆڕێكی سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆییەكانیش دەڵێت " تا ئێستا 7 ملیۆن دۆلاری خەڵكی كوردستان بۆ ئەو باندانە حەواڵە كراون".

 سێكس چات بازاڕی پەیداكردنی پارەیە لەلایەن مەغریبیەكانەوە و پیاوانی كوردستانیش بەشێكن لە قوربانیانی دەستی ئەو باندانە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ڕووداو لە شاری دهۆك زیاتر لە 2000 كەس لەلایەن ئەو گروپانەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەڤیدیۆییەكانیان لێكراوە یەكێك لە قوربانیانی دەستی ئەو باندانە كە بە سەمیر خۆی ناساندوە دەڵێت "مانگێك لەمەوبەر كچێك لە فەیسبووك داوای هاوڕێیەتی لێكردم منیش قبوڵم كرد كچەكە بە عەرەبی قسەی دەكرد پاش چاتكردن كچەكە ڤیدیۆیەكی بۆناردم خۆی ڕووتكردبووەوە داوای لەمنیش كرد كە خۆم ڕووت بكەمەوە و بەقسەم كرد".

سەمیر دەڵێت زۆری نەبرد ڤیدیۆیەكی بۆناردم كە خۆڕووتكردنەوەكەم بوو و دواتر وتی من كچ نیم كوڕم ئەگەر 3000 دۆلارم بۆ نەنێری ڤیدیۆكەت بۆ هاوڕێكانت لە فەیسبووك دادەنێم.

سەمیر 45 ساڵە و خێزاندارە و خۆی بە كەسێكی ستەم لێكراو وەسف دەكات و نزیكەی سێ ساڵە فەیسبووك بەكار ناهێنێت و پاش ئەو ڕووداوە عەمرەی كردوە.

سەمیر دەڵێت لەو كاتەدا زۆر لەو كەسە پاڕاوەتەوە كە ئەو ڤیدیۆیە بڵاو نەكاتەوە، چونكە پارەی نەبووە پێیبدات، پاش مشت و مڕێكی زۆر پارەكەی بۆ بڕی 900 دۆلار بۆ كەم دەكاتەوە و بۆی دەنێرێت.

ئەو بە وتەی خۆی دەڵێت دوای ئەو ڕووداوە باری دەرونیم تێكچووە و هەوڵی خۆكوشتنیشم داوە و تا ئێستاش ترسم هەیە لەوەی ڤیدیۆكە بۆ هاوڕێكانم بنێرێت.

سەمیر چووەتە لای بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە دهۆك و دەڵێت پێیوتم "ناتوانین لێپێچینەوە لەو گروپانە بكەین چونكە لە كوردستان نین، بەڵام ئامۆژكاری كردم كە بچمە لای كەسێك بەناوی نەواس كە كاری سڕینەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە دەكات".

سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان بازاڕی نمونەكانی وەك نەواسی گەرم كردوە، چونكە وەك سەمیر دەیگێڕێتەوە نەواس بۆ سڕینەوەی ڤیدیۆكە داوای 300 دۆلاری لێكردوە.

نەواس كە ماوەیەكی درێژە كاری سڕینەوەی ئەو ڤیدیۆیانە دەكات دەڵێت "تا ئێستا 2000 كەسم لە مەترسی ئەو باندە مەغریبیانە ڕزگار كردوە و ڤیدیۆكانیانم سڕیوەتەوە".

نەواس باس لەوە دەكات كە خەڵكی جۆراوجۆر بۆ سڕینەوەی ڤیدیۆكانیان سەردانی دەكەن كە پلەداری سەربازی و مامۆستای ئاینی تێدایە و دەڵێت "دەتوانم بڵێم تاكو ئێستا 7 ملیۆن دۆلاری خەڵكی كوردستان بۆ ئەو باندانە حەواڵە كراون".

سەبارەت بە باندەكانیش دەڵێت "ئەوان 100 كەسن لە 5 بانددا خۆیان ڕێك خستووە و 95%یان مەغریبین".
 


PM:04:20:22/05/2017