دوانزە ساڵ چاوەڕێی هاوسەرەكەی كرد لەزیندان بێتەدر، كەچی تەڵاقی دا

ئەو كاتەی هاوسەرەكەی بەهۆی مادەی هۆشبەر لەسلێمانی دەستگیردەكرێت، "رێناس" تەمەنی 18 ساڵ دەبێت‌و ماوەی 12 ساڵ چاوەڕێی "رێباز"ی هاوسەری دەكات تا ئازاد بێت، بەڵام پاش ئەوەی كە زیندان دێتەدەر یەكسەر "رێناس" تەڵاق دەدات.

وردەكاری چیرۆكەكە‌و هۆكاری تەڵاقدانەكەی لە راپۆرتێكی وشەدا بخوێنەرەوە:

"ڕێناس" ئافرەتێكی تەمەن 31 ساڵە، كاتێك هاوسەرگیری لەگەڵ "ڕێباز"دا دەكات تەمەنی 18 ساڵ دەبێت، نزیكی دوو ساڵ بەیەكەوە دەژین و دواتر ڕێباز دەگیرێت، ئەو وەك خۆی دەڵێ، بەبێ چارەیی لە چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە. خێزانی ڕێناس ئەو بارودۆخەی كچەكەیان قبووڵ ناكەن، زۆر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن بۆ ئەوەی داوای جیابوونەوە بكات و بەهۆی ئەو گەنجەوە ژیانی خۆی نەفەوتێنێت، بەڵام گوێیان لێ ناگرێت و حاشا لە هەموو خێزانەكەی دەكات و بەدیار پیاوە زیندانییەكەیەوە دادەنیشێ.

ڕێناس ئێستە گەڕاوەتەوە ماڵی باوكی، ئەو ماڵ و خێزانەی 12 ساڵ لەبەر پیاوێك پشتی تێ كردبوون، بەڵام ئێستە بوونەتە سایە و سێبەری، بەڵام لە هەموو ئەو ساڵانەی خۆی پەشیمانە و داوا دەكات "خودا خۆی حەقم لە ڕێباز بسێنێت"
ئەك كچە كە هاوسەرگیرییەكەی بەرهەمی پێوەندیش بووە، بەم شێوەیە چیرۆكە تاڵەكەی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە. ماوەی چەند مانگێكی كەم پێوەندیم لەگەڵ ڕێباز هەبوو، دواتر هاتە دوام و شووم پێ كرد، لە سەرەتاوە ماڵەوە بەو هاوسەرگیرییەم ڕازی نەبوون، بەڵام من پێداگریم كرد و ڕازیم كردن، ماوەیەكی كەم بەیەكەوە ژیاین، ڕێباز كاری تاكسی دەكرد، بەڵام هیچ كات ئاسایی نەبوو، هەندێك جار پارەی زۆری پێ بوو و هەندێك جار هانای بۆ فرۆشتنی پارچە ئاڵتوونێكی من دەبرد، هەندێك جاریش بەمانگ دیار نەدەما، كە دەگەڕایەوە دەیگوت ئیشی دەرەوەی شارم هەبوو، یان چووم بۆ ئێران، ئەو بارودۆخە ئاوا بەردەوام بوو تا شەوێك بە پەلە لە ماڵ دەرچوو و ئیتر نەگەڕایەوە.
 ڕێباز لەگەڵ دوو هاوڕێی تریدا دەگیرێن، دوای هەفتەیەك خێزانی ڕێباز پێی دەزانن، بەڵام بە ڕێناس ناڵێن و پێی دەڵێن چووە بۆ ئێران، تا كاتی دادگایییەكەی، ئەوكات ڕاستییەكان لە رێگەی ماڵی باوكی خۆیەوە دەزانێت، دوای ئەوەی ڕێباز و هاوڕێكانی سزا دەدرێن، ماڵی باوكی ڕێناس دەبەنەوە ماڵی خۆیان و داوای لێ دەكەن لە ڕێباز جیا ببێتەوە، بەڵام ڕێناس رەتی دەكاتەوە و بەبێ ئاگاداری ئەوان دەگەڕێتەوە ماڵی خەسووی، پاشان حاشا لە ماڵی باوكی دەكات.

ڕێناس كە پەشیمانی بە ڕووخساریەوە دیارە، ئاوا بەردەوامی بە گێڕانەوەی چیرۆكەكەی دەدات، ماڵی خەسووم باری دارایییان خراپ بوو، بۆیە داوام لە خەسووم كرد فێری نانكردنم بكات بۆ ئەوەی نان بەكرێ بكەم بۆ خەڵك و هەم خۆمی پێ بژێنم هەمیش كەلوپەل و پێداویستی ڕێبازی پێ دابین بكەم، نانم دەكرد و نەمدەهێشت ڕێباز لە گرتووخانەدا لە هیچ شتێكی كەم بێت، بۆ دایكی لە هەموو خوشكەكانی باشتر بووم وەك خزمەتكار و پیاوی ماڵیان وابووم، هێشتاش نە دایكی نە ڕێباز لێم ڕازی نەبوون، چەند جار دەچووم بۆ سەردانی، لێم تووڕە دەبوو و بیانووی بەشتێكمەوە دەگرت و لەبەرچاوی ئەو خەڵكە چەندان جار بە زلە لێی داوم.
سەرەتا ڕێناس شەرم دەكات بچێتە سەردانی تایبەت كە لەناو خێوەتێكدایە بۆ ژن و هاوسەرەكانە، دواتر لەبەر رازیكردنی ڕێباز دەچێت، دوای چەند مانگێك ڕێناس دووگیان دەبێت و بڕیاریش دەدات منداڵەكە بهێنێتە دنیاوە.

ڕێناس دووپات لەوە دەكاتەوە، هەموو ڕۆژێك زیاتر سوور بووە لەسەر ئەوەی ئەو هاوسەرگیرییە بە زیندوویی بهێڵێتەوە و تا ئازادبوونی ڕێباز، ماڵێكی ئارام و خنجیلە پێكەوە بنێت و منداڵی ببێت، بەڵام بەهۆی زۆریی كاركردنەوە، ڕۆژێك دوای ئەوەی دوو تەشت نان دەكات و دەچێت بۆ بازاڕكردن، لەناو بازاڕ دەكەوێتە سەر زەوی و كۆرپەڵەكەی لەبار دەچێت. ڕیناس دەڵێت، ئێستە شوكری خودا دەكەم كە ئەو منداڵە نەهاتە دنیاوە، دەنا وەك خۆم بەدبەخت دەبوو.

كارەساتی گەورە بۆ ڕێناس ئەو كاتە بووە كە 12 ساڵ خەونی پێوە بینیوە و هەزار و یەك خەیاڵی بۆ ئەو ڕۆژە هۆنیوەتەوە، واتا ڕۆژی ئازادبوونی ڕێباز. بەڵام ئازادبوونی ئەو یەكسان دەبێت بە شۆكبوونی ڕێناس، ڕێناس كە تا ئێستە نایەوێت بڕوا بەخۆی بهێنێت كە ڕێباز ئەو كارەی بەرامبەر كردووە، ئاوا باسی جیابوونەوەكەی دەكات، دواین موهاجەی من بۆ لای ڕێباز، مانگێك پێش ئازادبوونی بوو، ئەوكات پێی گوتم كە چیتر منی ناوێت، چونكە من ئەگەر شەرەفم هەبووایە و كەسوكارم هەبووایە و كەس بیویستمایە، بەدیار ئەوەوە دانەدەنیشتم، سەرەتا بڕوام نەكرد، بەڵام دواتر زانیم ئەوە بەڕاست ڕێبازە و ئەوەش ڕووە ڕاستەكەی خۆیەتی.

ماڵی باوكی ڕێبازیش دوای جیابوونەوەی كوڕەكەیان، هەرچی ڕێناس لە ماوەی ئەو ساڵانەدا كۆی كردووەتەوە، لێی دەستێنن و بە جلی بەری خۆیەوە لەگەڵ تەڵاقنامەكەی دەیبەنەوە بەردەرگەی ماڵی باوكی.



PM:01:45:14/06/2017