نیشانەكانی شەوی قەدر كامانەن

شەوی قەدر، یەكێكە لە شەوەكانی مانگی ڕەمەزان‌ و
بەرزترینیانە، موسڵمانان لەو باوەڕەدان چاكترە لە ھەزار مانگ‌ و لەو شەوەدا قورئان دابەزیووە بۆ پێغەمبەری خودا (د.خ)

شەوی قەدر لە قورئان و فەرموودەدا
لەو ئایەتانەی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر دەربارەی ئەم شەوە ھاتوون، ئەمانەی خوارەوەن:

لە قورئاندا و لە سورەتی قەدردا دەربارەی ئەم شەوە ھاتووە (ئێمە بەڕاستی قورئانمان دابەزاندۆتە خوارەوە لە شەوێكی بەفەڕو ڕێزداردا، جا تۆ چووزانی شەوی بەفەڕ كامەیەو چ خێرو بەرەكەتێكە،‌ شەوی قەدری بەڕێز لە ھەزار
مانگ ڕێزدارو خێردارترە).

ھەر لە قورئاندا ھاتووە لە سورەتی دوخاندا

(بەڕاستی ئێمە لە شەوێكی بە فەڕو پیرۆزدا (كە شەوی قەدرە) دامانبەزاندووەتە خوارەوە، بێگومان ئێمە ھەمیشە بێداركەرەرەی بەندەكانمانین، لەو شەوەدا ھەموو كارو كردەوە و بەرنامەیەكی پڕ لە حیكمەت و دانایی لە یەك جیا دەكرێتەوە، ئەمەش فەرمان و بڕیارێكە لەلایەن ئێمەوە، بێگومان ئێمەیش پێغەمبەران دەنێرین، ڕەوانە كردنی ئەم قورئانە، ڕەحمەتی
پەروەردگاری تۆیە بۆ ئادەمیزاد، تا لە سەرگەردانی ڕزگاری ببێت، بەڕاستی هەر ئەویشەكە بیسەرو زانایە بە هەموو شتێك).

پێغەمبەر (محەمەد) دەربارەی ئەم شەوە فەرموویەتی:
"هەر كەسێ شەوی قەدر زیندو بكاتەوەو باوەڕی پێی ھەبێ و چاوەڕێی پاداشتی خوا بێ، خوا لە تاوانەكانی پێشووی خۆش دەبێ.

عائیشەی خێزانی پێغەمبەر گێڕاویەتییەوە:
" ووتم: ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر زانیم چ شەوێك شەوی قەدرە، چی بڵێم لەو شەوەدا؟ فەرمووی: بڵێ " خوایە تۆ لێ بوردەیت و لیبوردنت خۆش ئەوێ، لێم ببورە". 

کاتی شەوی قەدر:

ئامۆژگاری موسڵمانان كراوە بەوەی ئەم شەوە
ڕابگرن بە یادو پەرستنی خواو نەخەون تا بەیانی لەبەر ئەو چاكەو گەورەیەی لەم شەوەدا ھەیە زیاترە لە ھەزار مانگ، بۆ زانینی ئەم شەوە لە فەرموودەی پێغەمبەر ئیسلامدا
ھاتووە كەوا فەرموویەتی بۆ شەوی قەدر بگەڕێن لە دە شەوی كۆتایی ڕەمەزاندا.

نیشانەكانی شەوی قەدر
ئەم شەوە چەند نیشانەیەكی ھەیە كە پێغەمبەر
(د.خ) ئاماژەی پێداون، لەوانە بەرەبەیانی شەوی قەدر خۆر ھەڵدێت و تیشكی نییە، ھەروەكو تەشتێك تا ئەو كاتەی بەرز دەبێتەوە، ھەروەھا شەوی قەدر شەوێكی بێ دەنگ و ڕوونە، نە گەرمە و نەسارد، خۆری بەیانیەكەی لاواز و سوور دەبێ.


PM:11:43:18/06/2017