کچێکی کورد لەلایەن باوەژنەکەیەوە لەشفرۆشی پێدەکرێت

كچێك لەلایەن باوەژن و خۆشەویستەكەیەوە کاری لەشفرۆشی پێدەکرێت، سەرەتا باوەژنەكەی هانی كوڕی براكەی دەدات تا خۆی لێ نزیك بكاتەوە و ببن بە خۆشەویست، دواتر بەیەكەوە كاری لەشفرۆشی پێ دەكەن و هەڕەشەی ئابڕوو بردنیشی لێ دەكەن بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكانی.

ڕۆژنامەی وشە لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە "شیرین كچێكی ٢٠ ساڵە لە یەكێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەژیت، دوای ئەوەی لە تەمەنی پێنج ساڵێدا دایكی كۆچی دوای دەكات، باوكی ژن دێنێتەو و بە هیوای ئەوەی كچەكەی بەبێ دایكی پەروەردە نەبێت و دواڕۆژێكی ڕۆشنی هەبێت، بەڵام ئەو ژنەی باوكی بۆ پێگەیاندنی هیواكانی شیرین هێنابووی، هەموو هیواكانی لەگۆڕنا."

ئەمەش تەواوی ڕاپۆرتەکەیە

شیرن لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە لەلایەن باوەژن و خۆشەویستەكەیەوە كاری لەشفرۆشی پێ دەكرێت، باسكردن لە چۆنیەتی دەست پێ كردنی بەو كارە و چیرۆكە شاراوەكانی ناو ژیانی تاریكی و گێرانەوەیان لای شیرین ئاسان نەبوو، دوای دڵنیابوون لە پاراستنی هەموو نهێنیەكانی ئاوا بۆ "وشە" دوا، لە سەرەتای تەمەنی پێگەشتنمەوە باوەژنەكەم هەڵسوكەوتی زۆر نامۆی بەرامبەر بەمن دەكرد، زۆرجار بە بیانووی ئەوەی من نازانم خۆم بشۆم دەهاتە حەمام و زۆر بە سەیری دەستی لە گیانم دەدا، ئەو كات تێ نەدەگەشتم، بەڵام ئێستە لە هەموو شتێك تێ دەگەم كە دەیویست لەسەر زۆرشت ڕابێم.

ئەو كاتەی شیرین قوتابی قۆناغی ناوەندی دەبێت، باوەژنەكەی هانی دەدات لە كاروانی برازای نزیكی بكاتەوە، كاروان تەمەنی ٣٠ ئەوكاتە ساڵ دەبێت، بەڵام باوەژنەكەی بەهەموو جۆرێك بڕوا بە شیرین دێنێت تا ببێت بە خۆشەویستی و هاوسەرگیری لەگەڵدا بكات، شیرین ئاوا باسی خۆی و كاروان دەكات، كاروان چەند هەفتەیەك بوو لە ئەوروپا گەرابووەوە، من بە كاكە بانگم دەكرد چونكە زۆر لەمن گەورەتربوو، بەڵام باوەژنەكەم وازی لێ نەدەهێنام و هەموو كات دەیگوت لە خاریج هاتووەوەتەوە دەوڵەمەندە و جوانە دەتباتە خاریج، هەر دەرفەتی بۆ دروست دەكردین بۆئەوەی بە تەنیا بین، كاروان هەر لاماڵی ئێمە مایەوە وردە وردە خۆشم ویست دواتر پێوەندیمان دروست كرد، دوای جەند مانگێك پێوەندی من و كاروان گۆرا بۆ شتی زۆر جیاواز.

كاروان لە سەرەتاوە لەگەڵ پوریدا وا ڕێك كەوتوون دوای ئەوە شیرین دەكەوێتە داوی خۆشەویستی كاروانەوە كاروان دەیكات بە ژن، ئیدی كاری لەشفرۆشی پێ بكەن، شیرین دەڵێت، شەوێكیان باوكم سەفەری كردبوو، كاروانیش لە مالی ئێمە بوو لەگەل باوەژنەكەمدا و دەستیان كرد بە خواردنەوە زۆریان لەمن كردوو منیش خواردمەوە، بە تەواوی سەرخۆش بووم، هەر ئەو شەوە كۆتای بە هەموو شتێك هات، چونكە جگە لەوەی كاروان كردمی بەژن، وێنەكانمی بە ڕووتی گرت و ئێستەش هەڕەشی بڵاوكردنەوەیانم لێ دەكات.

شیرین چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە دوای ئەو كارە كاروان بچێتە دوای و ئەو بەڵێنانەی لەگەڵ باوەژنەكەی پیان دابوو بۆی بەرنە سەر، بەڵام هەموو شتێك پێچەوانە دەبێتەوە، شیرین كە بە ڕوونی لە قسەكانیدا دەردەكەوێت كە نەفرەت لە باوەژنەكەی و كاروان و ئەو كارەش دەكات كە بەزۆر پێی دەكرێت، دەڵێت داوام لە كاروان كرد بێتە داوام و گوتی، جارێ پارەم بۆ پەیدا بكە با خانوو و ئۆتۆمۆبێل بكڕم ئەو كات دەتهێنم.

روونی دەكاتەوە، تێنەگەشتم دەبێت چۆن پارەی بۆ پەیدا بكەم، بەڵام هەر ئەو شەوەی بەدوامدا هات بە حساب دەچین لە دەرەوە نان دەخۆین، كەچی بردمی بۆ لای پیاوێك و منی بە تەنیا جێ هیشت ئیدی لە هەموو شتێك تێگەشتم كە من دەبمە سەچاوەی پارە پەیداكردنی ئەو دوو ناپاكە، ئیدی ئەوە سەرەتا بوو و هەركات موشتەریەكیان هەبووایە لەگەڵ باوەژنەكەمدا بە وێنە و ڤیدۆكانم هەڕەشییان لێ دەكردم و سەرخۆشیان دەكردم و دەیان بردم، نازانم تا ئێستە چەندیان بە من پەیدا كردووە، بەڵام زیاتر لە سێ ساڵە ئەو كارەم پێ دەكەن و بەردەوامن.

شیرین دووجار دووگیان بووە، باوەژنەكەی بردوویەتی بۆ دكتۆر لە بەغدا و لەوێ كۆرپەلەكەی پێ لەبەر بردووە، شیرین دەڵێت، سەرەڕای هەموو ئەو كارە پیسانەی پێیان كردووم و پێم دەكەن، باوەژنەكەم هەڕەشەی ئەوەم لێ دەكات كە ئەمجارە دووگیان ببم بە نەشتەرگەری منداڵدانم دەربهێنێت، من ئێستە چاوەڕیی هیچ ناكەم لە هیچ كەس و لایەك، منیش وەك هەموو ئەو كەسانەی كڕین و فرۆشتن بە جەستەیانەوە دەكرێت چیرۆكێكی تاڵم هەیە، ئەو چیرۆكەشم لەگەلم دێتە گۆڕەوە و تا ئەو گۆڕەش من هەر ڕۆژە و پارچەیەكم بەدەست نەناسراوێكەوە دەبێت، ئێمەی ئەو كارە دەكەین، جا خۆمان بمانەوێ یان بە زۆر پێمان بكرێت هەڵگری دڵێكی پراوپرین لە ئازار و غەدری چواردەور و كۆمەڵگەیەك كە پیاو دەتوانێ بكڕێ و بكوژێ هەرچی بیەوێ بیكات، بۆیە جگە لە مردن ئومێدمان بە هیچ نییە.



PM:01:35:19/06/2017