ژمارەی قوربانیانی هاتووچۆ لە سنوری ڕاپەڕین زیادیان کردوە

هەردوو بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى و هاتوچۆى راپەرین ئامارى رووداوەکانى 6 مانگی سەرەتای 2017 راگەیاند و ژمارەی قوربانیان زیادی کردووە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار ڕووداوی هاتووچۆ کەمی کردووە و ژمارەی ڕووداوەکان کەمبۆتەوە، بەڵام گیان لەدەستدان زیادی کردووە، بەپێی ئاماری بەرگری شارستانیش ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیادی کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا زیانە مادیەکان کەمی کردووە.

هەردوو بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى و هاتوچۆى  راپەرین لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە هۆلى شارەوانى رانیە  ئامارى رووداوەکانى 6 مانگی یەکەمى  2017 راگەیاند، حسێن عەبدوڵا، وتەبێژى بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى راپەڕین ڕایگەیاند "  لە سنورى بەرێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى راپەرین لە 6 مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 292 رووداوى ئاگرکەوتنەوە روویانداوە زیانەکانیشیان سەدو حەفتاو یەک ملیۆن و دووسەد هەزار دینار بووە.

هەربەپێى ئامارەکە 45 حاڵەتى مردن و خنکان و بریندارى و سوتان تۆمار کراون

هاوکات خۆشناو حەسەن، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی ڕاپەڕین بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵی 2017 لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین 149 ڕووداو ڕوویان داوە کەمترین ڕووداو لە ناو شار بووە کە 43 ڕووداوە ، وە 104 ڕووداو لە دەرەوەی شار ڕوویداوە  بەکۆی گشتی 248 هاوڵاتی بوونەتە قوربانی کە 19 هاوڵاتی بەوهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و 229 هاوڵاتیش بریندار بوون " .

ناوبراو وتیشی " بەبەراورد لەگەڵ شەش مانگی ساڵی ڕابردوو  ڕووداوەکانی ئەم شەش مانگە کەمی کردووە بەڵام گیان لە دەست دان و بریندارەکان زیاترن کە شەش مانگی ساڵی پار 14 کەس گیانی لەدەست داوە، بەڵام ئەمساڵ 19 کەس گیانی لە دەست داوە ".

سەبارەت بەکاروچالاکی و ئاماری سەرپێچیەکان وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد کە " پێدانی مۆڵەتی شوفێری زیادی کردووە بەجۆرێک لەم 6 مانگەی ڕابردوودا 3179 مۆڵەتی گشتی و تایبەت و ماتۆڕسکیل بە هاوڵاتیان دراوە کە 1563 مۆڵەتی گشتی و 1594 مۆڵەتی تایبەت و 22 مۆڵەتی ماتۆڕسکیل دراوە بەهاوڵاتیان".

سەبارەت بە سەرپێچی شوفێرانیش بەرامبەر یاساکانی هاتووچۆ  ژمارەکان زیادی کردووە بەراورد بە شەش مانگی ساڵی ڕابردوو بەجۆرێک کە 48 کەس دراونەتە دادگا کە بەبێ بوونی مۆڵەت ئۆتۆمبێلیان لێخوڕیوە ، وە سەرپێچی خێرای لێخوڕینیش لە سەر شەقامەکان کە لە ڕێگەی کامێڕای چاودێریەوە تۆمار کراوە 1085 سەرپێچیە ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی پار تەنها 32 سەرپێچی تۆمار کراوە.

ئەمیرحسن _ خالید ئەحمەد



PM:02:16:13/07/2017