ڕائید سلێمان چۆن شەهیدبوو...کوڕەکەی دەیگێڕێتەوە

زۆرن ئەو چیرۆکانەی کە ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت ژیانی پێشمەرگە پڕیەتی لەنەهامەتی دوای شەهید بوونیشیان چیرۆکەکانی ژیانیان زیاتر دەبێتە جێی تێڕامان.

لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هەتا ئێستا سەدان چیرۆک لەسەر ژیانی پێشمەرگە و کەسوکاریان لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خراوەتە بەر باس.

ڕائید سلێمان محمود، فەرماندەی سریە لەفەوجی 3ی لیوای 11ی پیادە، دانیشتوی ناحیەی حاجیاوای سەر بەقەزای ڕانیە بوو لەدایكبووی 1967، خاوەنی چوارمنداڵە دوو کوڕ و دوو کچ، تاقانەی چوار خوشک بوو سەرەڕای ئەوەی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە بڕیار درابوو کە تاقانەکان نەچنە بەرەکانی جەنگ، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر خزمەت کردن بە خاک و نیشتمان.

ناوبراو شەوی دووشەممە 3 ی تەموزی 2017  لەكاتی پەلاماری چەکدارانی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لەگوندی زەرگەی سنوری قەزای خورماتوو بەسەختی بریندار  دەبێت و پاش مانەوەی بۆ ماوەی 5 ڕۆژ لە ژێر چاودێری پزیشک لە نەخۆشخانەی کەرکوک دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی پار لە هەولێر و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەستدا.

لەشکر سلێمان محمود، کوڕی ڕائید سلێمان چیرۆکی باوکی بۆ   "سپی میدیا"ی بەم جۆرە دەگێڕێتەوە "دوای ئەوەی باوکم ماوەی پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانەی کەرکوک بوو برینەکەی سەخت بوو پزیشکەکان بێ هیوابوون بوون، منیش بڕیارمدا بیبەم بۆ نەخۆشخانەی پار لەهەولێر بەمەبەستی چارەسەرکردن ئەو ئیسعافەی باوکمانی بردە هەولێر لەڕێگە من بەنزینم بۆتێ کرد بای (50) پەنجا هەزار دینار".

لەشکر بەدڵێکی گەرمەوە دەیپرسی  بۆ دەبێ کەسوکاری پێشمەرگە بەنزین بۆ ئیسعاف تێ بکات؟ بۆ نەخۆشخانەی کەرکوک ناتوانێ بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دابین بکات؟ ئەی داهاتی ئەم شارە بۆ کێ دەڕوات لەچیدا سەرف دەکرێت ئەی ئەگەر خزمەتی پێشمەرگە و هاوڵاتیانی پێ نەکرێت بۆچییە ئەوداهاتە؟. 

کەسوکارەکەی ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن ئەم کارە  هێندەی شەهیدبونی باوکیان بۆ ئەوان زامی هەیە.

ئەمیرحسن 



PM:12:47:14/07/2017