چیرۆكی ئەو گەنجەی دووەمی زانكۆكەی بوو، ئێستا شوانە

نەجمەدین، بەدیار مەڕەكانیەوە دەیوت من دژی دەوڵەتی كوردی نیم تەنیا داوای سەرەتایترین مافەكانی خوم دەكەم.

نەجمەدین محەمەد نەبی، گەنجێكی دانیشتووی ئاكرێیە تەمەنی 26 ساڵە و هەر لە منداڵییەوە باوكی كۆچی دوایی كردوە وەك خۆی دەڵێت "ژیانی زور سەخەت تێپەڕاندووە".

ئەو كاتێك قۆناغی 12ی ئامادەیی بڕی بە هۆكاری مادی نەیتوانی بچێتە دهۆك بۆ خوێندن وەك خۆی باسی دەكات هەرچەندە نمرەی بەرزبوو بەناچاری فاكەڵتی ئاكرێی هەڵبژارد.

نەجمەدین لەپاڵ خوێندنەكەیدا بۆ ژیاندنی خۆی و خانەوادەكەی كاری كرێكاری دەكرد سەرەڕای ئەوەش بەهۆی ئەوەی كاری كرێكاریش ڕووی لە كەمی كردبوو وەك خۆی دەڵێت چەندان ڕۆژ بێپارە ماوەتەوە و كرێی هاتوچۆی پێنەبووە.

نەجمەدین كە دووەمی بەشەكەیەتی لە زانكۆ ئێستا شوانە و سەرقاڵی بەخێوكردنی چەند سەر مەڕێكە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات سودێكی وایان نیە و بژێوی پێ پەیدا نابێت، چونكە بەرهەمەكانیان لە بازاڕدا هەرزانن.

كوڕە گەنجەكە بەدەم خزمەتكردنی مەڕەكانیەوە لەبەردەم خۆیەوە دەیوت "شوانی كارێكی پیرۆزە، بەڵام من ئەوەندەم خوێند و خۆم ماندوو كرد بۆ ئەوەی ژیانێكی خوشترم هەبێ نەك دووبارە ببمەوە بە شوان، خۆ شوانیەكە هەر هەبوو نەشم خوێندبا".

نەجمەدین بەدەم گێرانەوەی چیرۆكەكەیەوە چاوەكانی پڕبوون لە حەسرەت، تروسكەی ئومێد و ئاسوودەی داهاتووی تێدا نەدەبینرا دەیوت "ئێمەش حەزدەكەین وەك و كوڕ و كچەكانی بەرپرسەكان بژین وەك ئەوان لە خوشگوزەرانیدا بین".

ئەو لە تێڕوانینە پڕ حەسرەتەكەیەوە بەدەم بەڕێكردنی مەڕەكانی بەرەو دەشتایی هاتە سەر باسی دەوڵەتی كوردی "با كەس خۆی نەكاتە كورد پەروەر كەس لە ئێمە كورد پەروەرتر نیە، ئێمەش زور حەز دەكەین دەوڵەت دروست ببێت، بەڵام چ دەوڵەتێك؟ دەوڵەتێك یاسا سەروەربێت، دەوڵەتێك ماف و ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری تێدا هەبێت" .

نەجمەدین یەكەم كەس و دواین كەس نیە لە هەرێمی كوردستان كە سەرەڕای هەبوونی بڕوانامە بێكاری و هەژاری تەنگی پێهەڵچنیبێت، زۆرن ئەوانەی بەهیوای داهاتوویەكی باشتر ڕۆژانی سەخت بەڕێدەكەن.



AM:11:48:19/07/2017