سپی هۆکاری پشتی هەردوو پەیامی هێرۆ ئیبراهیم‌و بافل تاڵەبانی بلآودەکاتەوە
ئایا قاسمی سلێمانی " عەرابە "..؟

ئەمشەو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەسترۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی کورە گەورەی سکرتێری گشتی دوو پەیامی جیاوازی بەیەک ناوەرۆکیان بلآوکردەوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی ئەو دوو پەیامە لەژێر فشاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا بلآوکراونەتەوە.

ئەمشەو لە پەیامێکدا کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بلاویکردەوە تیایدا هاتوووە " به‌ ده‌ست پێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم و ده‌ستور و ماده‌كانی بكرێنه‌ بنچینه‌ی گفتوگۆكان. هێور كردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئاڵۆزی كه‌ركوك ئامانجی سه‌ره‌كیمانه‌".

بافڵ تاڵەبانیش کە بە "وەلی عهد " ی تاڵەبانی ناسراوە لە پەیامێک کە کەمێک پێش پەیامەکەی هێرۆ ئیبراهیم بلآوکرایەوە، هاتووە" لە ئێستاشدا داواکارم گفتوگۆی بێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا کە لەژێر چاودێری جەنابی سەرۆک مام جەلال نووسراوەتەوە دەست پێ بکات". ( لە کاتێکدا کە دەستوری عێراق نە بواری ریفراندۆم و نەجێگای سەربەخۆی تێدا دەبێتەوە، نە بواری کۆنفیدراڵی ).

هەروەها بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "کەرکوک پێویستی بە ئیدارەیەکی ھاوبەش ھەیە بەپێی دوایین دەرئەنجامی ھەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەنجومەنێکی نوێی بۆ دەستنیشان بکرێت، ئەگەر پێویستیش بکات بەھەمان شێوە پارێزگارێکی نوێی بۆ دەستنیشان بکرێت، لەبەرئەوەی شاری کەرکوک لە ھەموو کەسایەتی و حزبێکی سیاسی گەورەترە،ناوچە جێناکۆکەکانیش پێویستی بە ئیدارەیەکی ھاوبەش ھەیە لە پێناو کوژاندنەوەی چەخماخەی ئاگرەکە". ( ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا هەموو ناوچە جێناکۆکەکان بەدەست ئیدارەی کوردیەوەیەو لەرووی ئەمنیشەوە لە هاتنی داعشەوە لە ٢٠١٤ تا ئێستا بە قوربانییەکی زۆری پێشمەرگە و خەڵکی ئەو ناوچانە پارێزراوە ).
 
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" ئەو دوو پەیامە بەتایبەتی پەیامی بافل تاڵەبانی تەواوی ئەو داوایانەی تێدایە کە حکومەتی عەبادی لە کوردی دەکات، لەوانە گفتوگۆکردن لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و، دروستکردنی ئیدارەی هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان".

ئەو سەرچاوەیە بە دووری نەزانی کە یەکێتی و بەغدا رێککەوتبن، چونکە هەردوو پەیامەکەی هێرۆ ئیبراهیم و بافل تاڵەبانی وەلآمێکی پۆزەتیڤە بۆ داواکانی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا.

سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کە لە رۆژانی پرسەکەوە تا دوێنێ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسانی یەکێتیدا کۆبوونەتەوە، بەتایبەتی قاسمی سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی و ئاراس شێخ جەنگی کۆبۆتەوە. سەرچاوەکەی سپی پێیوایە قاسمی سلێمانی لە رۆژانی داهاتوودا ئاشکرا دەبێت کە بۆتە "عەرابی" رێککەوتنی نێوان یەکێتی و بەغدا.

بەپێی ئەو رێکەوتنەش هێزە عێراقییەکان دەگەڕێنەوە نێو کەرکوک و دەست بەسەر بیرە نەوتە جیاکانی ژێر دەسەلآتی پارتی ویەکێتیدا دەگرن و ئیدارەیەکی هاوبەش لەو شارە دروستدەکرێت و د. نەجمەدین کەریمی پاریزگاریش دەگۆڕدرێت.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئێران هەڕەشەی لە یەکێتی کردووە کە دەبێت لە پرۆسەی ریفراندۆم پاشەکشە بکەن، بەرامبەر ئەوەش حکومەتی عێراق کارئاسانی کردنەوەی فڕۆکەخانەو دەروازە سنوریەکان و، بوودجە بۆ ناوچەکانی سلێمانی دەکات، تا ڕادەی دابڕینی تەواو لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک.

ئەو رێککەوتنە نهێنیەی نێوان یەکێتی و عێراق کە "عەراب"ەکەی قاسمی سلێمانییە و لە رۆژانی داهاتوودا ئاشکرا دەبن، ئەو رێککەوتنە دەبێتە سەرەتای دابەشبوونی باشووری کوردستان، سەرەتا ئەم بەشەی باشووری کوردستان دەکەوێتە ژێر هەژموونی شیعەی عێراق و ئێرانەوە، پارچەکەی تریشی هەولێر و دهۆک دەکەونە ژێر هەژموونی تورکیاوە. 

کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەرەتای پرۆسەی ریفراندۆمەوە لە رێگای قاسمی سلێمانی و دانای فەڕ و چەندان بەرپرسی تری ئەو ولآتە هەولێان دا ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدرێت، تا ساتی ئەنجامدانی ریفراندۆم هەوڵی شکستپێهێنانی ئەو پرۆسەیان دا، لە دواساتەکانی پێش ٢٥ ی ئەیلول، هەوڵیان دا یەکێتی پاشەکشە بکات لە پرۆسەی ریفراندۆم، دواتر لە کەرکوک ئەنجام نەدرێت، هەروەها هەواڵیان دا کێشە لە ناوچە جێناکۆکەکان دروستبکەن، بەلآم لە هیچ لەمانەدا سەرکەوتوو نەبوون، وەک سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد، پێدەچێت ئەم هەوڵەی ئێستای ئێران سەربگرێت.
      



PM:11:06:12/10/2017