ووردەکاری پەیوەندی خۆشەویستی کچ و کوڕەکەی زانکۆی جیهان

رۆژی دووشەممە لەزانکۆی جیهان لەشاری هەولێر لەناو قەرەبالغییەکی زۆری خوێندکارانی ئەو زانکۆیە کوڕە خوێندکارێک لەسەر ئەژنۆ دادەنیشێت و داوای هاوسەرگیری لەخۆشەویستەکەی دەکات.

محەممەد ئەو گەنجەیە کە لەسەر ئەژنۆ دانیشت و داوای هاوسەرگیری لە "زەینەب"ی خۆشەوستی کرد و زەینەبیش داواکارییەکەی قبوڵدەکات، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و وینەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان قسە و باسی زۆر کرا.

محەممەد لەدایکبووی ساڵی١٩٩٥ ەو خوێندکاری قوناغی دووی ئاداب ئینگلیزییە و زەینەبیش لەدایکبووی ١٩٩٨ ەو خوێندکاری قوناخی دووەمی بەشی ‪"IT"

محەممەد دەڵێت دوو هەفتە پێش ئێستا زەینەبی لە باوکی داواکردوە و ئەمرۆش ویستی خۆشەویستی تەواوی خۆی بۆ زەینەب نیشان بدات بۆیە لەناو ئەو هەموو خوێندکارە لەسەر ئەژنۆ دانیشت و دووبارە داوای هاوسەرگیری لە خۆشەویستەکەی کرد.

محەممەد بۆ لەچاوپێکەوتنێکیدا بۆ ماڵپەڕی "یەڵڵا" وتی”دوو هەفتە پێش ئێستا بەپێی دابونەریتی کۆمەڵگای خۆمان چوومە داوای زەینەب و خانەوادەی هەردوولا رازیبوون بوون بەهاوسەرگیریمان بەڵام بە سوپرایزەکەی ئەمرۆم ویستم خۆشەویستی تەواوی خۆم بۆ زەینەب نیشانبدەم و هەموو کەسێک بزانێت کە چەندە ئەوم خۆش دەوێت".

لەبارەی بیرۆکەی ئەوکارەش محەممەد دەڵێت لەگەڵ خانەوادەی زەینەب رێککەوتبووین بۆئەو کارە بەڵام زەینەب ئاگاداری هیچ نەبوو و هەموو شتێک بۆ ئەو لەناکاو بوو

دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆیەکان لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەشێکی زۆری کۆمێنتەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەو شێوازی داواکردنەی هاوسەرگیری لاسایی کردنەوەی رۆژئاوایە و لەگەڵ کلتوری کوردەواری ناگونجێت و رەخنەی تووندییان لەو دوو خۆشەویستە گرت و محەممەدیش دەڵێت "من لاسایی کەسم نەکردۆتەوە و تەنها ویستوومە هەموو دنیا بزانێت کە زەینەبم خۆشدەوێت و هەموو ئەوانەش کە دژی ئەو هەنگاوەی منن من رێز لە رای ئەوان دەگرم و بەڵام هەست ناکەم هیچی هەڵەمان کردبێت و گرنگ ئەوەیە بە خۆشەویستەکەم دەگەم".

هەروەها زەینەبیش باسی هەستی ئەوکاتی خۆی دەکات و دەڵێت "هەرگیز چاوەڕێی شتێکی وامنەدەکرد و هەستێکی لەبیرنەکراوە" دەڵێت "بەراستی سوپرایزێکی زۆر زۆر خۆش بوو و کە قەت لەبیرم ناچێتەوە و هەرگیز هەستیێکی واخۆشم نەبووە".

لەدرێژەی قسەکانیدا زەینەب دەڵێت "هیوادارم هیچ خۆشەویستێک لەو هەستە خۆشە بێبەش نەبێت و هەموو کوڕ و کچێک بەئاواتەکانیان بگەن" .

لەبارەی توانجی خەڵکیشەوە زەینەب دەڵێت "من گوێ بەقسەی خەڵک نادەم ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئیدی بەخۆشەویستەکەم گەیشتم و هیوادارم هەموو گەنجێکی ئەو وڵاتە وەک من و محەممەد بەئاواتەکەیان بگەن و داواشی لە کچانی هاوتەمەن و هاوڕێیەکانی خۆیکرد کە بەدوای خۆشەویستەکانیاندا بگەڕێن ، ئەو خۆشەویستانەی کە دڵنیان لەوەی پاشەرۆژێکی گەشیان بەیەکەوە هەیە".

ئەو جۆرە داوای هاوسەرگیرییانە بە کۆمەڵگای ئێمە نامۆن بۆیە ئاساییە ئەگەر لەوکاتەدا هەردووکیان بەتایبەتی کچەکە هەست بەشەرم و ترسێک بکات بەتایبەتی کچەکە لەوەبارەیەوە زەینەب دەڵێت "خوێندکارێکی زۆر لەو دەورووبەرە بوون و سەرەتا کەمێک هەستم بەشەرمدەکرد بەڵام دواتر چاوم جگە لە محەممەد کەسی دیکەی نەدەبینی و ئەو بەتەواوی خۆشەویستی خۆی بۆم سەلمان و هیوادارم دوارۆژمان لەمرۆ جوانتر بێت".

زینەب دەڵێت لەماڵەوەش پیرۆزباییان لێکردوم و ئەو کارەی محەممەدیان بەلاوە جوان بووە کە بەوشێوەیە ویستوویەتی خۆشەویستی خۆی دەرببڕێت.

محەممەد و زەینەب ئاشکرایانکرد کە رۆژی هەینی داهاتوو مەراسیمی مارەبڕین و شیرینی خواردنەوە ئەنجامدەدەن و دواتریش رۆژێک بۆ گێڕانی ئاهەنگی هاوسەرگیری دەستنیشان دەکەن.



PM:05:25:05/12/2017