بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن: بۆ ڕێگرتن لە ساختەکاری پێویستە دەنگدانی تایبەت نەمێنێت

ئارام جەمال، پسپۆری بواری هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەبڵژاردن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرجەم ئەو کەسانەی لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ دەدەن وەک هێزە ئەمنییەکان، دەتوانن لە دەنگدانی گشتیشدا دەنگ بدەن و ئەمەش یەکێکە لە دەروازەکانی ساختەکاری. 
لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ پەیجی ماڵپەڕی سپیدا کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا ئەنجامدرا، ئارام جەمال ڕایگەیاند" ئەو لەگەڵ ئەوەدایە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت و بە هیچ شێوەیەک لەوە زیاتر هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا دوانەخرێت".
 ناوبراو ڕایگەیاند "کاتێک باس لەوە دەکەین کە دەتوانین هەڵبژاردنێکی پاک و بێ تەزویر ئەنجام بدەین، دەبێت بڵێین تا چەند دەتوانین لە هەڵبژاردنێکی پاک نزیکببینەوە، چونکە لە وڵاتێکدا کە حزبەکان هێزی سەربازیان هەیە و سەختە بە تەواوی هەڵبژاردنێکی پال ئەنجام بدرێت" .
ئارام جەمال جەخت لەوەش دەکاتەوە کە کۆمسیۆنی عێراق توانای زیاترە لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان و باسیش لەوە دەکات کە ئەزموونی ڕیفراندۆم کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کرد ئەزموونێکی خراپ بووە و چەندین پێشێلکاری تێدا بوو
. ئەو دەلێت "تا ئێستاش کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕاستە ڕایگەیاندووە لە ڕیفراندۆمدا ڕێژەی دەنگدان ٩٢.٧ بووە بەڵام تا ئێستاش نازانرێت کە لە چ شارێک و لە چ پارێزگایەک هاوڵاتیان بە چ شێوەیەک دەنگیانداوە و گەر داواش بکەیت بە دڵنیایەوە ناتدەنێ بە بیانووی ئەمنی قەومیەوە، لە کاتێکدا ڕیفراندۆم پڕۆسەیەکی ئاشکرایە و پێویست بوو کە ئەنجامەکانی بە ڕوونی ئاشکرا بکردایە".
باسی لەوەشکرد کە پێویستە فشار بکرێت بۆ پاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ڕایگەیاند "ئەگەرچی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت، بەڵام ئەمە نابێت کە ببێتە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت چونکە ئەگەر هەڵبژاردن بەو بیانووە نەکرێت ئەوا دەبوایە لە ساڵی ١٩٩٢دا هەڵبژاردنمان نەکردایە کە ڕێژەی دەنگدان لە شارێکی وەک دهۆک گەیشتە ١٠٢ لە سەددا.




AM:12:51:23/01/2018