کچە کوردێک زیاتر لە 20 جار فرۆشراوە


کچە کوردێکی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش  ئەو کە تا ئێستاش دایک و باوک و دوو خوشکی دیکەی لەژێر دەستی داعش ماون زیاتر لە 20 جار فرۆشراوە.

ڕەنا کە تەمەنی ١٨ ساڵ و ڕزگاری بووە دەڵێ "ئەو کاتەی تیرۆریستانی داعش هاتنە دەڤەرەکەمان، ئێمە لە سیبا شێخ خدری و گرعەزیز بووین و داعش هەر لەوێ من و خێزانەکەی ئێمەی گرت. دوای ئەوەی لە خێزانەکانیان جیا کردینەوە، منیان لەگەڵ چەندین کچی دیکە بردە بەعاج، لەو بۆ ماوەی سێ مانگ هێشتنیانەوە، دواتر گواستنیانەوە بۆ مووسڵ و لەوێش چوار هەفتە ماینەوە، پاشان ڕەوانەی تەلەعفەر و گوندەکانی دەوربەریان کردین".

هەر لە سەرەتاوە ئەو کچە منداڵانەیان لە دایک و باوک و خێزانەکانیان جیا دەکەنەوە. وەک ڕەنا باسی دەکات، پێنج گوللەیان لە دایکیان دابوو، دوای ئەوەی دەیبەنە نەخۆشخانە، ئیدی تا ئەمڕۆ، دایکیان نەبینییەوە.

ڕەنای بە هەفتەنامەی "باس"ی ڕاگەیاندوە "دوای ئەوەی بردیانینە تەلەعفەر، لەوێ هەموومانیان بردە قوتابخانەیەک، ماوەیەکی زۆر لەوێ ماینەوە، ئینجا بردیانینە شوێنێکی نادیار. ڕۆژێک ئەمیرێکی داعش بە ناوی -حەجی حامد - کە خەڵکی گەییاڕە بوو، لە مووسڵ هاتبوو، منی بردە ماڵی خۆی".

ڕەنا وا دەزانێ ئەم ئەمیری تیرۆریرستانە سۆزی بۆ جوڵاوە، کەچی وەک خۆی دەڵێ "ئەمیری تیرۆریستان زۆری نەبرد لە ماڵەکەی و بە دڕندەترین شیوە دەستدرێژیی کردە سەرم، هەفتەیەک زیاتر لەوێ بووم، پاشان بە کەسێکی فرۆشتمەوە بەناوی موختار، ئەویش پێنج مانگ لای خۆی هێشتمییەوە".

ئەم تراژیدیای کڕین و فرۆشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ئەم کچە بەردەوام دەبێ و لەوێ کۆتایی نایەت و دەشڵێ "دواتر موختار بە بڕی پێنج هەزار دۆلار فرۆشتمییەوە کەسێکی دیکەی خەڵکی بەعاج بە ناوی محەممەد گەییاڕە، تەنیا ڕۆژێک لای ئەو مامەوە و لەپڕ بەرپرسێکیان هات کە ناوی ئەبو حوسێن قازی بوو، بە محەممەدی گوت کچی زۆر لای تۆ هەن، ئەوە دەبەین و دەیدەنە کەسیکی دی.

قازی منی بردە ڕەققە و لەوێش کڕین و فرۆشتنی پێوە کردم و دوای ماوەیەک گەڕاندمیەوە مووسڵ".

ڕەنا لە بارەی چۆنیەتیی ئازادکردنی و ڕزگارکربوونی لەدەست ئەم دڕ و جانەوەرانەدا دەڵێ "جارێکی تر تیرۆریستان لە مووسڵەوە بردمیانە ئیدلبی سووریا، ئەمیرێکی داعش بە نیازی فرۆشتنەوە ویستی بمباتە تورکیا، لەسەر سنوور پەیوەندیم بە کەسوکارەکەمەوە کرد و ئەمیرەکە داوای سی هەزار (سێ دەفتەر) دۆلاری لێ کردن".


ئەو کچە وتیشی "لەبەر بارودۆخی سنوور نەیتوانی بمپەڕێنێتەوە تورکیا، بۆیە گوتی تا دۆخی سنوور باش دەبێت و ڕێگا دەبێتەوە لەو ناوە دەمێنینەوە. هاتینە عەفرین و لەوێش ئیتر نازانم بۆ خۆدەربازکردن و پاراستنی خۆی بوو، یان لە ترسان، ناردمیە لای وەزیرێکی کانتۆنی عەفرین لە بارەگایەکی یەپەگە. ماوەیەک لەوێ مامەوە و ئەوانیش زۆر بەڵێنیان پێ دام بمگەڕێننەوە ناو کەسوکارەکەم، بەڵام ڕاستیان نەدەکرد، بەڵکوو هەر دەیانگوت بۆ لای ئێمە نامێنیتەوە و بێیتە ڕیزی یەپەگە، یان ئەگەر حەز دەکەیت دەتنێرینە قەندیل، بەڵام من هەر داوام کرد بە خزم و کەسوکارەکەم شاد ببمەوە".

دواجار ڕەنا ئازاد دەبێ و بە خزم و کەسوکارەکانی شاد دەبێتەوە و دەڵێ "دوای ماوەیەک و لە ڕێگای نووسینگەی ڕزگارکراوە ئێزدییەکان گەڕێندرامەوە ناو خزم و کەسوکارەکەم. ڕاستە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری جەستەیی و دەروونیم بینی، زۆر ناخئشی و سەختی و ژانم چەشت، بەڵام هەنووکە دەستم بە ژیانێکی نوێ کردووەتەوە".



PM:04:52:08/02/2018