مەلا بەختیار لەبارەی فیلمە ئێرانییەکە و ئەگەری رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت" پێی باش نییە ئێران ڕێگای بە بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمەی دا، کە باس لە ڕووداوەکانی هێرشی داعش بۆ سەر مەخمور و ڕۆڵی بارزانی دەکات لە کاتی هێرشەکەدا". 

 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دەستپێکی قسەکانیدا کە لە پێشانگەی ھاوبەشی ھونەرمەندانی سلێمانی، کەلار، خانەقین، کفری، دیالە و جەلەولا، لەگەلەری دڵخواز لە سلێمانی پێشکەشیکرد، لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق وتی" ھەرێمی کوردستان ھەڵەی زۆرە، گەورەترین ھەڵە لەلای من ئەوەیە کە لە (31) ساڵی رابردو نەمانتوانی ژێرخانێکی وەھا دروستبکەین، کە داھات و بەرھەمی زیاتر بێ لە خەرجییەکانی. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە بەغداد غەدر لەھەرێمی کوردستان ناکات".

 

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕاشیگەیاند" عێراق، بە دواخستنی رێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئۆباڵێکی مێژوویی خراپ ھەڵدەگرێت. ئەمەش رەنگێکی دەستووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی گەورە دەداتەوە لەحکومڕانی عێراق لەئەنجامدا. ھیوادارم بەغدا تێبگات، رێکنەکەوتن زەرەری کاتیی لەھەرێم دەدات، بەڵام زەرەرێکی مێژوویی لەعێراق دەدات". 

 

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانی مەلا بەختیار لەسەر فیلمە ئێرانییەکە بوو کە دەڵێت" پێی باش نەبوە کۆماری ئیسلامی ئێران رێگەی داوە فیلمێکی وا بڵاوبێتەوە".

 

ناوبراو لەوبارەیەوە باسی لەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی دەزانێت، سەنگەری پێشەوەی تێکشکانی داعش پێشمەرگە بووە، ھەم لەگەڵ یەکێتی، ھەم لەگەڵ پارتی، ھەم لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەم لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود، لەگەڵ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، کە ئەوکات کاک شێخ جەعفەر بووە، من بەوردی ئاگادارم کە ئێران لەحەمرین بەرەو سەرەوە، نە پێش دروستبوونی حەشدی شەعبی، نە دوای دروستبوونی حەشدی شەعبی، نەیانتوانیوە فیشەکێک بەبێ پێشمەرگە بتەقێنن.

 

هاوکات سەبارەت بە یەکدەنگی و یەکھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لە قۆناخی ئێستا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد" ھەندێک کۆبوونەوە لەن ێوان یەکێتی و پارتی، یەکێتی و گۆڕان کرا، ترووسکاییەکی بە خەڵکەکە بەخشی، بەڵام کاتێکمان زانی پارتی بەتەنھا چووە بەغدا! یەکێتی بەتەنھا چووە بەغدا! کاتێکمان زانی لیستی ھیوای کوردستان راگەیێندرا". 



PM:02:31:29/01/2021