کاتی دابەشکردنی مووچەی نوێ راگەیەندرا

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" هەولێر و بەغدا هەفتەیەکی یەکلاکەرەوەیان لەپێشە، لە ئەگەری رێکنەوتنیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی خۆی 30 رۆژ جارێک مووچە دابەش دەکات. پلانیش وایە 25ـی مانگی داهاتوو مووچە دابەش بکرێت".

 
 
د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بە تەلەفزیۆنی "رووداوی" راگەیاند " پێشتر بڕیاردرابوو کە ئێمە لەمەودوا وەکو پلانێک بتوانین لە ٣٠ رۆژ جارێک مووچە بدەین بەپێی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

 
 
عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، "پلان وایە 25ـی مانگی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە". 
 
 


عەبدولحەکیم خەسرۆ دەڵێت، بارودۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان باشتر بووە و "ئەوەش بەشی ئەوە دەکات کە ئێمە بتوانین ئیدارەی هەرێمی کوردستانی پێبکەین". 
 

 

عەبدولحەکیم خەسرۆ دەشڵێت، "ئێستا بەرچاوڕوونی و تێگەیشتنێکی باشتر پەیدابووە.. ئێمە بەوپەڕی شەفافیەت مامەڵەمان لەگەڵ عێراق کردووە. داتاکانی ئێمە هەمان ئەو داتایانەیە کە دوای لێکۆڵینەوە دەستی خۆیان کەوتووە".
 
 
عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بەوە کرد، بە سێ قۆناخ گفتوگۆ لەگەڵ عێراق لەبارەی بودجە دەکەن، قۆناخی یەکەم تەکنیکییە و لەگەڵ حکومەتی ناوەندی زیاتر قسەکراوە و ئێمە رێککەوتین. "هەر ئەوکاتیش رێککەوتنەکە لە پرۆژەیاسای بودجە دانرا". 

 
 
قۆناخی دووەمیش پەیوەستە بە دانوستاندن لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق. "ئێستا لیژنەی دارایی پەیوەندی بە گشت پارێزگاکان، وەزارەتەکان و بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو هۆکارانە بن کە بۆچی ئێمە لەسەر ئەو دەقە رێککەوتووین". 

 
 
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، سەرکردەکان و ئەندامانی پەرلەمان بکرێت، "چونکە تەنیا رای لیژنەی دارایی بەس نییە". حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە گوتەی عەبدولحەکیم خەسرۆ، تاوەکو ئێستا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەیوەندییان هەیە". 

 


PM:07:09:30/01/2021