گەرمیان.. دوو کەس بە تۆمەتی هەڵدانی نارنجۆکێک بۆ ناو ماڵی هاوڵاتییەک دەستگیرکران

ئاسایشى گه‌رمیان ڕایدەگەیەنێت" ئه‌و دوو كه‌سه‌ى نارنجۆكێكى ده‌ستیان هه‌ڵدایه‌ ماڵێكه‌وه‌ له‌شارى كفرى توانراوه‌ ده‌ستگیربكرێن". 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاندوە" دەستبەجێ هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کفری بە هاوکاری هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کۆکسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری تەواو کرد و توانرا لە ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێردا هەردوو تۆمەتبار لە ڕێگەی نێوان کفری - کۆکس دەستگیر بکرێن و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەستگیراوە بە سەر دوو چەکی جۆری کڵاشینکۆف، هەروەها دەستیشگیراوە بەسەر ماتۆرسکیلەکەدا کە ئێوارەی هەمان رۆژ هەردوو تۆمەتبار دزیبوویان".

ئاماژە بەوەشکراوە" تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (ز ع) و (ق ز) بە رەگەز کوردن و دانیشتووی گوندی قوبەی سەر بە ناحیەی کوڵەجۆن و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە تاوانەکەیان بە هۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە ئەنجام داوە، لەلایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەوە هەردوو تۆمەتبار بە پێی مادەی (345)ی یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".



PM:08:21:01/02/2021