فەتەلاوی: "سەرکردایەتی كورد نەوتی عێراق دەدزن و پێشمەرگەش چەکەکان"

حەنان فەتەلاوی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رایگەیاند کە دزینی چەک و ئامێرەکانی سووپای عێراقی لەلایەن پێشمەرگەوە، پەڵەیەکی رەشە بەنێوچەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دةلَيَت: "سەرکردایەتی كورد نەوتی عێراق دەدزن و پێشمەرگەش چەکەکان".

فەتەلاوی بە سۆمەڕییەنیوزی راگەیاند ئەوەی پێشمەرگە کردی لە دزینی چەک و ئامێرەکانی سووپای عیراقی لە کەرکووک و موسڵ ئابڕووبەرانەیە، دزین و دەستبەسەرداگرتنی چەکی سووپای عێراقی لەلایەن ئەوانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ مان بەبیردێنێتەوە، باس لەوەش دەکات کە ئەو کردەوەیە بووەتە هۆکاری کوژرانی ژمارەیەک سەرباز و ئەفسەری عێراقی، کە ئامادەنەبوون چەکەکانیان تەسلیمی پێشمەرگە بکەن و ئەوەش پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان'.

فەتەلاوی زیاتر وتی 'ئەوە نیشانەی بەشداری کوردە لە گەلەکۆمەی کەوتنی موسڵ و داگیرکردنی کەرکووک' باس لەوەش دەکات 'جێگەی شەرمەزارییە مامەڵە لەگەڵ دزان بکەین، سەرکردایەتی ئەوان نەوتی عێراق دەدزن و پێشمەرگەش چەکەکان'.

پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا کە بەبەرگریکارێکی سەرسەختی مالیکی ناسراوە و بەردەوام لێدوانی تووند لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات زیاتر گوتی 'بۆ مێژوو پێیان دەڵێم، رووڕەشتان دەکەین، هەموو عێراقییەکیش ئەوەیان لەبیر ناچێتەوە و عێراقیش بە هێزەوە دەگەڕێتەوە'. باسی لەوەش کرد 'هەموو لایەنەکانی بەشدار لەو گەلەکۆمەیە ئاشکرا دەکەین و خەونەکەی مەسعود بارزانی بۆ دابەشکردنی عێراق و داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی وەدینایەت'



PM:03:31:15/06/2014