وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی جووڵەپێکردنی هێز بەرەو مەخموور ڕوونکردنەوە دەدات
وهزارهتى پیشمهرگهى حكومهتى ههرێمی کوردستان لهسهر جوڵهپێكردنى هێز بۆ ناوچه دابڕێندراوهكان ڕونكردنهوه دهدات و دەڵێت، زانیارییان ھەیە داعش تاکتیکی گۆڕیوە و لەبارەی جووڵەپێکردنی پێشمەرگەش بەرەو مەخموور، ئاشکرای کرد" چوونی پێشمەرگە بۆ مەخموور لەبەر مەترسییەکانی داعشە".
فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند" لە ناوچەکانی خانەقین و قەرەتەپە و جەبارە تا ڕۆژئاوای کەرکووک و دەگاتە مەخموور ڕۆژ بە ڕۆژ جووڵەی چەکدارانی داعش زیادتر دەبێت، ھۆکارەکەیشی بۆ ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی دەگەڕێتەوە، چ لەنێوان ھێزە عێراقییەکان خۆیان بێت، یان لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، تیرۆریستانی داعش ڕەوشەکەیان قۆزتووەتەوە بۆ دەستپێکردنی جووڵەی زیادتر، لە ھەندێ ناوچەش بە ئازادی ھاتوچۆ دەکەن، ھەتا ڕۆژ بە ڕۆژ تیرۆریستانی داعش تاکتیکی خۆیان دەگۆڕن".
وتیشی" ئێمە و عێراقیش نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پەیدا بووە پڕ بکرێتەوە و ڕێگری لە جووڵەی داعش بکەین، ئەویش لە ڕێگەی جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش".
فەریق جەمال ئێمینکی ڕوونی کردەوە، بەردەوام ڕێنمایی و زانیاری دەدرێتە ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە، ڕۆژانە زانیاریی ھەواڵگەری دەدرێتە یەکەکانی پێشمەرگە، سرووشتی ھەندێ ناوچە ھاوکارە بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش تێیدا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لەوانەش دەوروبەری خانەقین و چیای قەرەچۆغ، پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و ڕێگە بە ھیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی نادەن.
پەیوەست بە جووڵەپێکردنی پێشمەرگە بەرەو مەخموور، فەریق جەمال ئێمینکی وتی" دەڤەری مەخموور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ یەکێکە لەو دەڤەرانەی داعش تێیدا جووڵە دەکات، لەبەر ئەوەش تەنیا لەو میحوەرە ھێزی پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و چوونی ھێزی پێشمەرگەش بۆ سنووری مەخموور بەھۆی مەترسیی چەکدارانی داعشە، لەبەر ئەوەی داعش جووڵەی ھەیە لەو سنوورە و پێویستە پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدا بێت".
PM:10:47:01/02/2021