بۆردومانه‌كه‌ی ئەمڕۆی توركیا له‌ سنوری پشده‌ر قوربانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین رایدەگەیەنێت" بریندارێکی بۆردومانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا له‌گوندی شێنێی سه‌ر به‌ قه‌زای پشده‌ر گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی". 

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 12:00 کچێک بەناوی ( هـ . ئـ . ع ) لەدایک بووی ساڵی 1995، پیشەی کچی ماڵ دانیشتووی گوندی شێنێ سەر بەقەزای پشدەر (قەڵادزێ) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی کە بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لەماڵی خۆیاندا بریندار بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەوتەی دایکی لەکاتێکدا فڕۆکەی تورکیا دەوروبەری گوندەکەیانی بوردومان دەکرد پەنجەرەی ماڵەوەیان شکاوه و بەهۆی پاشماوەی شوشەکان کچەکەی بریندار بووە، پاش چارەسەری سەرەتایی بەهۆی سوکی برینەکەی ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.

 

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا گوندی شێنێیان لە دەڤەری قەڵادزێ بۆردومان کرد. 



PM:02:48:02/02/2021