ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. سێ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونە قوربانی

کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەردەشت لەکاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی ڕابردوو هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە.

ڕێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە، ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی (وردە) و خێزاندار و باوکی دوو منداڵیش بووە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی مەریوان بە ناوی (هادی ڕەزایی) لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ بنکە دەرمانییەکانی شاری سنە گوازراوەتەوە، هاوکات هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی بانه بە ناوی (هاشم حەسەنی) لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری (هەنگەژاڵ) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.


PM:01:12:04/02/2021