چاودێرێكی مافی مرۆڤ: هێزە ئەمنیەكانی پارتی كەسوكاری زیندانیانی بادینانیان دەستگیركردووە

چاودێرێکی مافی مرۆڤ و كەسوكاری زیندانیكراوەكان ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ یەك شەممە رێگێری لە گردبونەوەی كەسوكاری زیندانیانی بادینان كرا و خێزانەكانیان دەستگیركران".

 

ئەیھان سەعید، چاودێری مافی مرۆڤ و كەسوكاری زیندانیكراوەكان لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕایگشتی ڕایگەیاند" ئەمڕۆ رێككەتی ٧/٧/٢٠٢١ وەكو كەسوكاری دەستگیركراوەكانی بادینان ویستمان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان و پەرلەمانی كوردستان گردبینەوە و داوای ئازادكردنی زیندانیە بە ناحەق دەستگیركراوەكانی خۆمان بكەین كە ژمارەیان ٧٦ كەسە لەسەر ئازادی بیرورا ماوەی شەش مانگە چارەنۆسیان نادیارە".

 

وتیشی" بەداخەوە لە لایەن ھێزە ئەمنیەكانی پارتی لە بازگەكانی دھۆك، ئاكرێ و ھەولێر رێگەیان نەدا بچنە ھەولێر، چەند خێزانێكی دیكەش كە گەیشتبونە بەردەم UN بە شێوازێكی ناشارستانی دەستگیركراون كە ژن و مناڵیشی تێدایە".

 

هاوکات لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە UN، كونسۆل و بایلوزخانەی ولاتان لە ھەرێم و بەغداد، پەرلەمانی و گشت لایەنەكان دەکات بێنە سەر خەت و پێویستە دەستبەجێ كەسوكاری دەستگیر كراوەكان ئازادبكرێن و زیندانیەكانی بادینانیش كە لەسەر ئازادی بیرورا لە زینداندان چارەنۆسیان ئاشكرا بكرێت و ئازادبكرێن.



PM:12:54:07/02/2021