وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارێكی نوێی لە بارەی مووچەوە دەرکرد

وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێ لەبارەی ئەو كەسانەی دوو مووچەیان هەبووه‌ و مووچەكانیان ڕاگیراوە دەردەكات.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی كە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەرچووە و تێیدا هاتووە، پاش ئەوەی بڕیار درا بە ڕاگرتنی مووچەی ١٠ هەزار ٦٠٩ مووچەخۆر كە لە سیستەمی بایۆمەتری دوو جار، یان زیاتر تۆمار كراون، بۆ جێبەجێكردنی ئەو فەرمانە بڕیارێكمان دەركردووە. 

بەپێی بڕیارەكەی دارایی هەرێم، پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو مووچەخۆران دەكرێت و پێویستە وەزارەت و فەرمانگەكان چەند ڕێكارێك ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە ڕێكارەكان باس له‌وه‌ كراوه‌، لێژنەیەكی پسپۆڕ لە گشت وەزارەتەكان بۆ ئەو بابەتە دروست بكرێت، لێژنەكە دەبێت سێ فۆڕم كە تایبەتن بەو بابەتە، لە وەزارەت و فەرمانگەكانیان پڕ بكەنەوە. 

ئەو سێ فۆڕمە بۆ بەشی بایۆمەتری دەنێردرێت، كە لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەی وەزارەتی داراییە.

لەو فۆڕمانە یەكێكیان تایبەتە بەوانەی دوو مووچەی فەرمانبەرییان هەیە، یەكێكی دیكه‌ تایبەتە بە مووچەیەكی فەرمانبەری و یەكی خانەنشینی، ئەوەی دیكه‌ش بۆ ئەوانەیە كە دوو مووچەی خانەنشینییان هەیە.

PM:08:03:07/02/2021