حوکمەتی هەرێم لەبارەی مووچەی دەزگا فیدراڵیەکانی هەرێم روونکردنەوە دەدات

حکومەتی هەرێم لەسەر دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی دەزگا فیدراڵیەکان، بەنداوەکان و رەگەزنامە روونکردنەوە دەدات و دواکەوتنی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.

دەقی روونکردنەوەکە
 

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە
 
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە بەڕێوبەرایەتییەكانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان. بە پێوستمان زانی بۆ هەموو لایەك ڕوونبكەینەوە كە:
 
1- كۆی گشتی تەمویلی (پارەداركردنی) پێویست بۆ موچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت.
2- لە كۆی ئەم بڕە پارەیە مانگانە حكومەتی ناوەند نزیكەی ملیارێك و 862ملیۆن دیناری بۆ (4700) موچەخۆری ڕەگەزنامەی هەرێمی ناردووە.
3- ئەو پارەیەش نزیكەی 25%ی موچەی ئەو فەرمانبەرانە دەكات. واتە بە تەمویلی چوار مانگی بەغدا بۆ ئەم موچەخۆرانە تەنیا دەتوانرێت موچەی یەك مانگی پێ دابین بكرێت. 
4- سەرەڕای ئەمەش هەریەك لە مانگەكانی10- 11-12 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەك لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە تاوەكو موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و ڕەگەزنامەی هەرێم دابەش بكرێت. 
5- بەدەر لەوانەش مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ لێبڕین، موچەمان بۆ بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامەی هەرێم دابینكردووە.
6- لە ئێستادا بەهۆی نەناردنی موچەی ئەو بەڕێوبەراتیانە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی دادپەروەری بۆ هەمووان بە هەمان میكانیزمی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، موچەیان بەسەردا دابەش بكرێت.

 


AM:11:59:08/02/2021