گەنجێکی کورد لە تاران پاش دەستگیرکردنی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

گەنجێکی خەڵکی دیواندەرە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەستگیر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە هێزە ئەمنییەتییەکانی تاران لە مێترۆی ئەو شارە هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی (مێهرداد تاڵشی) تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا دەستگیرکراوە. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مێهرداد تاڵشی، کاتژمێر ١٠ی شەوی ئەو رۆژە ناوبراویان گواستۆتەوە بۆ ئیدارەی ئاگاهی شاپوور و هەر لەوێدا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە بە شێوەیەک کە ئاسەواری کوتان و لێدان بە سەر و ملیەوە بە روونی بینراوە.

 

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندووە" کە تەرمی مێهرداد تالشی پاش پشکنینی پزیشکی دراوەتەوە بە بنەماڵەکەی و دوێنێ لە ژێر چاودێری توندی ئەمنییەتی لە سنە بە خاک سپێردرا و لە رێوڕەسمی سەرخۆشییەکەشی لە دیواندەرەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە تەواوی جووڵەی خەڵکیان کۆنترۆڵ کردووە.



AM:09:02:09/02/2021