گەرمیان.. فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی تری هەرێم دەرچوو

بەتۆمەتی ساختەکردن دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتو لەگەرمیان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم و وتەبێژی دەروازەی پەروێزخان دەرکرد.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕادیۆی (دەنگ)ی ڕاگەیاند" ئەمڕۆ دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتو، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو دو بەرپرسە دەرکردوە کە وەک شایەت لە کەیسێک دا داواکراون کە ھەفتەی پێشو بەڕێوبەری دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوبەری گومرکی گەرمیانی لەسەر راگیرا بوو". 
 
سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە، دادگای لێکۆڵینەوە وەکو شایەت داوای ئامادەبونی لە بەڕێوبەری گشتی گومرکی ھەرێم و وتەبێژی دەروازەی پەروێزخانی کردبو لەو دۆسیەیەی کە بەڕێوبەری مەرزی پەروێزخان و بەڕێوبەری گومرکی گەرمیانی تێدا تۆمەتبار بون، بەڵام ئەو دو بەرپرسە ئامادەی دادگا نەبون، بۆیە دادوەریش بە مادەی ١٩٤ی گومرک ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردون.
 
ھەفتەی رابردو بە تۆمەتی داخلکردنی بار بەدەر لە رێکارە یاساییەکان، دادوەری لێکۆڵینەوەی قۆرەتو ھەریەکە لە بەڕێوبەری دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوبەری گومرکی گەرمیانی راگرت پاش پێنج رۆژ بە کەفالەت ئازاد کران.


PM:08:15:09/02/2021