تورکیا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێرشێکی ئاسمانی بەر فراوانی بۆ دەڤەری چیای گارە دەستپێکردووە

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە فڕۆکە جەنگی و کۆپتەرەکانی تورکیا دەستیان بە هێڕشێکی توند بۆ هەندێک ناوچەی پارێزگای دهۆک و بەتایبەتی دەوروبەری چیای گارە دەستپێکردووە. 

 

سەرچاوەیەک لە ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" هێرشەکە کاتژمێر ٣ ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە لە پارێزگای دهۆک دەستی پێکردووەو تا ئێستا لە سنوری ناوچەکانی پارێزگاکە بەردەوامە".

 

هەروەها وتیشی " بەشی چڕی هێرشەکە ناوچەی چیای گارەی گرتۆتەوە کە لە بەرەبەیانەوە تا ئێستا لە ژێر بۆردومانی هێرشی ئاسمانییدایە".

 

لەبارەی ئەو فڕۆکانەوە کە بەشداری لە هێرشەکەدا دەکەن، سەرچاوەکەی هەپەگە ئاماژە بۆ بەشداری فڕۆکەی جەنگی و هەتا کۆپتەریش دەکات لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ناوچەی چیای گارە.

 

تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە کە ئەو هێرشە ئاسمانییە لەسەر زەویشەوە سووپای تورکیا هێرشدەکات، یان هەندێک هێز لە رێگای فڕۆکە دادەبەزێنێت.

 

روودانی هێرشێکی نوێی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان پێشبینکراو بوو، بەلآم پێشبینی دەکرا هێرشەکە بۆ سەر ناوچەی شەنگال ئەنجام بدرێت.

 



AM:08:51:10/02/2021