زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا داوا لە بایدن دەکەن سزای تورکیا بدات

لەیەکەم کاردانەوە ئەمەریکا لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک و کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران، هەڵوێستێکی توند بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا دەرهەق بە مافی مرۆڤ پێشاندەدرێت، ئەنجومەنی پیران بە زۆرینەی دەنگ داوای سەپاندنی سزای توند دەدەن بەسەر تورکیادا.


لە نامەیەکدا ٥٤ ئەندامی ئەنجومەنی پیران لە کۆی ١٠٠ ئەندامەکەی ئەو ئەنجومەنە داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەن، بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا دەیکات بەرامبەر مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت سزای زیاتر بەسەر تورکیادا بسەپێنن.

 
لە نامەکەدا کە وەک میدیا ئەمەریکییەکان بڵاویان کردۆتەوە، ئەنجومەنی پیران تورکیا تۆمەتبار دەکەن بە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزایەتییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری.

 
هەروەها داوا دەکەن ئیدارەی ئەمەریکا جەخت بکاتەوە لەسەر ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا. 

 
ئەو هەنگاوە بە یەکەم هەنگاوی ئیدارەی نوێ دادەنرێت بەرامبەر حکومەتی تورکیا کە دیموکراتەکان سەرکردایەتی دەکەن و سیاسەتێکی توندتریان هەیە لە دژی تورکیا بەتایبەتی لە دۆسیەی مافی مرۆڤ و مافە دیموکراسییەکان.

 


AM:10:11:10/02/2021