پارتی بۆ پەکەکە: ئەگەر پارتی دەستی لەو شەڕانەدا هەبوایە، پەکەکە دۆخی خراپتر دەبوو

پارتی لەبارەی شەڕەکەی نێوان پەکەکە و تورکیا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" پەکەکە خۆی باش دەزانێ کە ئەگەر پارتی بەڕاستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبوایە، پەکەکە لە دۆخێکی خراپتردا دەبوو".

 

كەمێك لەمەوبەر، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەبارەی گرژی و پێكدادانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا، دیسان كەجەكە لە بەیاننامەیەکیدا کەوتووەتە بڵاوكردنەوەی قسەی بێ بنەما و تۆمەتبەخشینەوە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان". 

وتیشی" وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو قسە و تۆمەتە بێ بنەمایانە، جەخت لەوە دەكەینەوە كە پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنەوە نییە. لە ڕاستیدا، ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە. كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟". 

ئەوەشی خستەڕوو، دووپاتی دەكەینەوە كە پارتی پەیوەندیی بەم شەڕانەوە نییە و، هیچ ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا. کە شەڕیان پێ ناکرێ و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە و با واز لەو تۆمەتە بێ بنەمایانە بهێنن. پەکەکە خۆی باش دەزانێ کە ئەگەر پارتی بە ڕاستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبووایە، پەکەکە لە دۆخێکی خراپتردا دەبوو.


لەكۆتاییشدا مەحمود محەمەد وتویەتی" پێمان وایە باشترین چارەسەری بۆ ئەو ناسەقامگیرییە ئەوەیە كە پەكەكە بەڵای خۆی لە كۆڵی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و چیتر نەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێكدانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم". 

 

پێشتر كۆنسه‌ی به‌ڕێوبه‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) رایگه‌یاندبوو" بۆجاری یەکەمە کە تورکیا لە ڕێگەی زەویییەوە هێرش دەکاتە سەر گارە، بەهۆی ئەوەی لەسەر سنوری باکوری کوردستانەوە دورە، پێشتر تەنها بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان دەکرا، بە بێ هاوکاریی و پشتیوانی پەدەکە، سوپای تورک ناتوانێت هێرش بکاتە سەر گارە بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی سێ مانگە پەدەکە بە ڕەوانەکردنی هێزەکانی سەر بەخۆی، گارەی بە تەواوەتی گەمارۆ دابو، مەسرور بارزانیش ڕۆژێک پێش هێرشەکە، داگیرکەریی تورکیای ڕەوا نیشاندا". 



PM:07:33:11/02/2021