ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد: پێویستە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت

ژمارەیەک لە نوێنەرانی کورد لە بەغداد لەبارەی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم و عێراق هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و دەڵێن" پێویستە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێم و عێراق کۆتایی بێت". 

 

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا، نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی هیوا له‌ لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کە لە هەریەک لە سەرکەوت شەمسەدین، غالب محەمەد عەلی، کاوە محەمەد، پێکهاتووە باس لەوەدەکەن" ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا لە رێگەی هێزی زەمینی و ئاسمانی-ەوە و لە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەشکرکێشی دەستپێکردووە کە ئەمە پێشێلکارییەکی رونی سەروەری خاکی عێراق و یاسا نێودوڵەتییەکانە و پێویستە دەستبەجێ هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێستیان هەبێت". 

 

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە" هەروەها پێویستە حکومەتی عێراق لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی-ەوە سکاڵا دژی دەوڵەتی تورکیا تۆماربکات و هەوڵە نێودەوڵەتیەکان دژی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراق یەکبخرێن". 

 

دەشڵێن" ئێمەوەک ئەرکی سەرشانمان کە نوێنەرایەتیکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، سێ جار لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە واژوی ٥٠ پەرلەمانتار داواکاریمان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پرسی لەشکرکێشی و داگیرکاری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا، بەڵام بەداخەوە بە ئەجێندایەکی حزبی دیاریکراو رێگە نەدراوە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئەم پرسە بخاتە بەرنامەی کارەوە، کە ئەمە ئەو پەری بێ رێزییە بە ئیرادەی گەلەکەمان. ئێمە هاووڵاتیانمان دڵنیا دەکەینەوە کە بێدەنگ نابین لە دژوەستانەوەی داگیرکاری دژ بە خاكی هەرێم و عێراق کە لە هەرلایەکەوە بێت". 

 

هاوکات داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکەن کە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە دروستکردنی ئاڵۆزیی سەربازی و ئەمنی لە ناو خاکی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێ-وە، بەتایبەتی کە هێشتا مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە ماوە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ بنبرکردنی داعش بێت. 

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کێشەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و پێویستە بەرێگەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت کە ئەوەش تاکە رێگەی چارەسەری یە، هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێک نین لەو کێشەیە و نابێت تێوەبگلێنرێن.



PM:10:22:11/02/2021