هەپەگە بەفەرمی کوژرانی (دەیان) سەربازی تورکیای لەچیای گارە راگەیاند

کەمێک پێش ئێستا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە  ئاشکرای کرد" کە لەلایەن گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستارەوە بە توندیی بەرپەرچی سووپای تورکیا دەدرێتەوە و شەڕێکی قورس لە گارە بەڕێوەدەچێت".

ئەمڕۆ هەینی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی خۆیان و سوپای تورکیای ڕاگەیاند و دەڵێت" کە لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی گەریلاکاندا بە دەیان سەربازی سووپای تورکیا لە چیای گارە کوژراون و بەدەیان سەربازیش بریندارن". 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا، ئاماری سێ ڕۆژەی بەرخۆدانی گەریلاکان و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکی بۆ سەر هەرێمی گارە، ئاشکرا کرد.

سوپای داگیرکەری تورک لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە دەیانەوێت هێز لە گارە دابەزێنن کە گەریلاکان بەرپەرچیان دەدەنەوە و شەڕی قورس دەقەومێت.

لە١٠ی شوباتدا لە گوندی سیانێ، یەکەم پێکدادان ڕوویدا و ژمارەیەکی زۆر سەربازی داگیرکەر سزا دران و دوژمن پاشەکشەی پێکرا، دواتر کەمپێک لە سیانێ لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومان کرا، هەر لەو ڕۆژەدا جارێکی دیکە، سوپای تورک هێرشی سیانێی کرد و گەریلاکان بە توندی بەرپرچیان دانەوە و بەدەیان سەربازی داگیرکەر کوژران و جارێکی دیکە پاشەکشەیان پێکرا.

لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ١٠ی شوبات، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، شەش جار دەڤەری سیانێیان بۆردومان کرد‌و دوابەدوای ئەمە، بە هێلیکۆپتەر جارێکی دیکە ویستیان سەرباز دابەزنێن کە گەریلاکان بەرپەرچیان دانەوە و ناچار کران لە هەرێمەکە دوور بکەونەوە.

لە دەڤەری سیانێ، لە ڕۆژی ١٠ شوباتەوە تا ئێستا، شەڕ و ڕووبەڕوونە بەردەوامە و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەردەوام بەسەر ئاسمانیی هەرێمەکەوە دەسووڕێنەوە.

ڕۆژی ١١ی شوبات لە هەرێمی سێدارێی گارە، شەش جار، لە هەرێمی نێرانێ، پێنج جار، دەوروبەری گوندی مووسەلەکا و بلند بازی و شکفتیان، فڕۆکەی جەنگیی تورکیا نۆجار بۆردومانی کردوە.

لە کاتژمێری ٢٠:٠٠ی ڕۆژی ١١ی شوباتەوە تا ئێستا، لە هێڵی ئاکرێ، سیانێ و قەڵای سەدام بەردەوام هێلیکۆپتەری سکۆرسکی دەگەڕێن.

هێزەکانی دووژمن لە دەڤەری ئەرگەرێ و سیانێ، هەوڵیان دا بڵاو ببنەوە و لە ئاسمانەوە داببەزنە ئەو هەرێمە کە ڕووبەرووی بەرپەرچی گەریلاکان بوونەوە و هەوڵەکەیان بێئەنجام مایەوە.

هێرشی سوپای تورک داگیرکەر بۆ سەر هەرێمی گارە، ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەورەی گەریلاکان بوەتەوە و تێکشکاوە و ئەو سەربازانەی دابەزیونەتەوە ئەو هەرێمانەش لە لایەن گەریلاکانەوە بە تەواوەتی گەمارۆ دراون، بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆیەش، دەوڵەتی تورک بە هێرشی ئەسمانی و فڕۆکەی جەنگی هەوڵ ئەدات سەربازانی خۆی ڕزگار بکات.

سوپای داگیرکەری تورک کە لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلاکان، بێچارە ماوەتەوە، بە شێوەیەکی توند پەنایان بردوەتەوە بەر بەکارهێنانی تەکنیکی پێشکەوتووی شەڕ، هیزەکانی گەریلاش بە تاکتیکی پێشکەوتووی گەریلا، گورزی قورسیان لێ دەوەوشێنن و هێرشەکەیان تێکشکاندون.

ئەو ڕاگەیەنراوانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویان دەکاتەوە، بە تەواوەتی درۆن و دوورن لە ڕاستییەوە، بە چەواشەکاری هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی دەدەن، هە تائیستا زیاتر لە ٣٠ سەربازی تورکی داگیرکەر لە گارە کوژراون و ژمارەی شەهیدەکانی گەریلاش بەو شێوەیە نییە کە بانگەشەی بۆ دەکرێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئامارەکان بڵاو دەکەینەوە.

تائێستا بەشداریی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پەدەکە بۆ ئێمە پشتڕاست نەبوەتەوە، بەڵام سوپای تورک هێزەکانی خۆی و هێلیکۆپتەرەکانی لە شڕناخی باکووری کوردستانەوە دەگوازنەوە بۆ بارەگای بەعشیقە و لەوێشەوە دەیانگوازنەوە بۆ باکرمانی ئاکرێ و لەوێیەوە هێرشی گارە دەکەن، لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکارییەی تورکیاش، تائێستا پەدەکە هیچ هەڵوێستی دژبەری نەنواندوە.

میدیاکانی شەڕی تایبەتی تورکیا و میدیاکانی نزیکی، هەوڵ دەدەن بە چەواشەکاری، ڕای گشتی هەڵبخڵەتێنن و ڕاستییەکان دەشارنەوە، هەر لە ڕۆژی یەکەمی هێرش بۆ سەر گارەوە کە نەیانتوانی وەکوو دەیانویست ئامانجی خۆیان بەدەست بێنن، ڕێگاێکی دیکەیان گرتە بەر و وێنەی کەسێک بەناوی ئیبراهیم پارم-یان لە میدیاکانیاندا بڵاو کردەوە کە بانگەشەی ئەوەیان بۆ دەکرد کە ئەندامیکی پەکەکە و بەرپرسی لۆجستیک بوە، لە ڕاستییدا ئەو کەسە ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا لە ناو ڕیزەکانی ئێمەدا دوور خراوەتەوە و خۆی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردبوو و ئەم چەواشەکارییەش، لە ڕووی ناچارییەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بڵاوی دەکاتەوە.

ڕۆژی ١١ی شوبات، کاتژمێر ٠٢:٠٠ هەرێمی کۆلیتی سەر بە خواکورک لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کراوە.



PM:05:00:12/02/2021