بەرپرسێکی پارتی: گفتوگۆی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرای دەکات" گفتوگۆی ھەرێم و بەغدا بەردەوامە و ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن". 

ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" گفتوگۆی شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، پێویستە سیاسەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش بەو شێوەیە بێت كە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاسایی بكەینەوە و بوونمان لە بەغدا بەھێز بێت و بە لایەنی كەمەوە پێگە و ھەڵوێستی خۆمان بۆ شەقامی عیراقی روون بكەینەوە".

سیوەیلی وتیشی" پێویستە لە ھەمان كاتدا چاوەڕێی زۆر لە عیراق نەكەین و پشت بە خۆمان ببەستین و حوكمڕانیی خۆمان باشتر بكەین، ئەو داھاتەی ھەمانە تەنھا بۆ مووچە نا، بەڵكو بۆ پەرەپێدانی ھەرێمی كوردستانیش بەكاری بێننین و داھاتی خۆمان رێك بخەینەوە، بۆیە ئەگەر رێكخستنەوەیەكی جدی لە شێوازی داھات و كۆكردنەوەی داھات و حوكمڕانیی خۆمان بكەین، لەو بڕوایەدام پێویستمان بە بەغدا نابێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا نەھێڵین و لەبەغدا بكشێینەوە، بەڵكو پێویستە پەیوەندیی بەردەوام بێت، بەڵام ناكرێت تا سەر چاوەڕێی بەغدا بكەین".

باسی لەوەشکرد، ئەگەر لەناو خۆماندا بەھێز بین و حوكمڕانییەكی باشمان ھەبێت و یەكھەڵوێست بین و داھاتی خۆمان رێك بخەینەوە، ئەو كات پێگەی ھەرێم بەھێزتر دەبێت لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتیش و دەوڵەتان فشار لە عیراق دەكەن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، چونكە ئەمریكا و ئەورووپا و وڵاتانی دنیا بەرژەوەندییان لەوەدایە ھەرێمی كوردستان بەھێز بێت، بۆیە پێویستە چیتر لەو بڕوایەدا نەبین بەغدا دەمانژیێنێت، لەبەر ئەوە ئەگەر بەغدا ئەركی دەستووریی خۆی جێبەجێ نەكرد، پێویستە بە داھاتی خۆمان، خۆمان بژیێنین. 

PM:09:36:13/02/2021